نهێنی زلـلەکەى خانمى یەکەمى فەڕەنسا لە ماکرۆن ئاشکرا دەبێت
بەزمى زلـلە لێدانەکەى بریجیت ماکرۆن خانمی یەکەمی فەڕەنسا لە ئیمانوێل ماکرۆنی هاوسەرى نابڕێتەوە و ئەمجارە ئەکتەرێکى ئێرانیشى تێکەوت.
ڕاستى بابەتەکە لاى ڕۆژنامەوانێکە
فلۆریان تاردێڤ، ڕۆژنامەوان لە ڕۆژنامەی "پاریس ماچ" و نووسەری کتێبی "ژن و مێردێکی نیچمە نمونەیى" ڕۆژی چوارشەممە ئاشکرای کرد ڕوونکردنەوەکەی کۆشکی ئیلیزی لە بەهاری ساڵی 2025 گوایە زلـلەکەى بریجیت لە هاوسەرەکەی لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکەی ماکرۆن لە ڤێتنام، گوایە "ساتێکی دۆستانە و گاڵتە" بوو زۆر دوورە لە ڕاستییەوە.
ماکرۆن و گۆڵشیفتە فەراهانى
لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆیی لە کەناڵیRTL، تاردێڤ باسی لەوەکرد، ئەو شەقەزلانە پەیوەندى بەوەوە هەبووە، بریجیت کە زیاتر لە 25 ساڵ لە ماکرۆن گەورەترە، بە پەیوەندی "ئەفلاتونی" ماکرۆنى لەگەڵ ئەکتەری تەمەن 42 ساڵی فەڕەنسی- ئێرانی، گۆڵشیفتە فەراهانی زانیوە.
پەیوەندى ئەفڵاتوونى چی یە؟
پەیوەندی ئەفلاتونی، پەیوەندییەکی نزیک و قووڵە کە لەسەر سۆز و ڕێزگرتنی یەکدى لە نێوان دوو کەس دا بونیاد نراوە، بەڵام بە تەواوی دوورە لە ڕۆمانسییەت یان پەیوەندى سۆزداریى.
ماکرۆن چۆن ئاشکرا بوو
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، بریجیت دوای بینینی نامەیەکی ماکرۆن بۆ ئەو خانمە ئەکتەرە تووڕە بووە، کە تێیدا ستایشى لە جوانییەکەی کردووە. تاردێڤ جەختی لەوەکردەوە وردەکارییەکانی ناو کتێبەکەی جێی متمانەن.
لە کەیەوە بەیەکەوەن؟
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی فەڕەنسا "ماوەی چەند مانگێک پەیوەندییەکی ئەفلاتونی لەگەڵ فەرهانی هەبووە، پەیامی بۆ ناردووە و زۆریش رۆیشتووە، وەک "من تۆ زۆر بە جوان دەبینم". ناوبراو ئاماژەى بەوەشکرد ئەو جۆرە پەیامانە بووەتە هۆی "گرژی لە پەیوەندی دووو هاوسەرەکەدا و بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕ و ئاژاوە لە فڕۆکەى سەرۆکایەتی کاتێک لە لە فڕۆکەخانەی هانۆی نیشتەوە".
ڕۆژنامەوانەکە باوەڕپێکراوى ماکرۆنە
ئەو ڕۆژنامەوانە لە دوای هەڵبژاردنی ماکرۆنەوە لە ساڵی 2017ـەوە ڕووماڵی چالاکییەکانى ماکرۆن دەکات و باوەڕپێکراوى کۆشکی ئیلیزێیە.
کەسە نزیکەکانى بریجیت چى دەڵێن؟
لە بەرامبەردا سەرچاوە نزیکەکان لە خانمی یەکەم بە تووندی ئەم باسەیان ڕەتکردەوە. ئەوان پشتڕاستیان کردەوە کە بریجیت هەرگیز دەستکاری مۆبایلی هاوسەرەکەی ناکات و بەناو نامەکانیدا ناگەڕێت، بەگوێرەى ڕۆژنامەی لۆ پاریزیان.
ئەکتەرە ئێرانییەکە کێ یە؟
فەرهانی خانمە ئەکتەر لە دایکبووی تاران و لە ساڵی 2007 ئێرانی بەرەو فەڕەنسا بەجێهێشتووە، بە ڕۆڵی لە فیلمەکانی وەک "دەربارەی ئێلی" (2009) لە نووسینی ئەسغەر فەرهادی، "پاتەرسۆن" (2016) لە نووسینی جیم جارموش، "خوێندنی لۆلیتا لە تاران" (2024) ناسراوە.
ماکرۆن کەوتە ناو سۆشیاڵ میدیا
دیمەنى زلـلەلێدانەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا تاوەکو ئێستاش دەستاودەستى پێدەکرێت و تەنانەت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی نیسانی 2026دا لە تۆمارێکى ڤیدیۆیی دا کە لە کەناڵی یوتیوبی کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە، گوتى "هاوتا فەڕەنسیەکەی هێشتا لە لێدانی چەناگەی چاکدەبێتەوە". گوتیشى "ژنەکەی زۆر خراپ مامەڵەی لەگەڵ دەکات". لەو کاتەدا ماکرۆن وەڵامی دایەوە و ئەو لێدوانانەی بە "نەگونجاو" ناوبرد.
13/05/2026