ساڵانە چین بە بەهاى پێنج ملیار دۆلار کاڵا بۆ هەرێمى کوردستان هەناردە دەکات
تاوەکو دێت پەیوەندى بازرگانیى هەرێمى کوردستان لەگەڵ چین پتەوتر دەبێت و ئاستى هاوردە گەیشتووەتە پێنج ملیار دۆلار و بازرگانانیش بە زۆرى ڕوو لە پەکین دەکەن.
بۆ هەرێم 5 ملیار دۆلار و بۆ عێراق 50 ملیار دۆلار
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ساڵانە چین بە بەهاى پێنج ملیار دۆلار کاڵا بۆ هەرێمى کوردستان هەناردە دەکات، لە کاتێکدا هەناردەکە بۆ عێراق ساڵانە زیاتر لە 50 ملیار دۆلارە.
پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى چین و هەرێم
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، دەڵێت ئەم ژمارەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى چین پەیوەندییەکى ئابوورى و بازرگانى بەهێزى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق هەیە. گوتیشى "فرۆشتنى کاڵاى چینى لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەراورد بە کاڵاى وڵاتانى دیکە ئاستێکى بەرزى تۆمارکردووە ئەوەش بەهۆى ئەوەى نرخەکەیان هەرزانترە".
لە چینەوە کاڵاى جیاواز هەر لە ئامێرە کارەباییەکان، پێداویستییەکانى ناو ماڵ و جلوبەرگەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە ئۆتۆمبێل هەناردەى هەرێمى کوردستان دەکرێن.
ئاسانکارى بۆ پەیوەندى بازرگانى
بۆ ئاسانکارى پەیوەندییە بازرگانییەکەش، یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵى چین لە هەرێمى کوردستان "پەیوەندییەکى دۆستانەی" هەیە، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، گوتى "هەر بازرگانێک پشتگیرى یەکێتییەکەمانى هەبێت لە چین هاوکارى زیاتر دەکرێت".
ڕکابەرییەکانى ئەمریکا و چین لە هەرێمى کوردستان
لە جیهاندا و لە ڕووى ئابووری و بازرگانییەوە چین و ئەمریکا لە ڕکابەرى تووندان، هەرچەندە هەرێمى کوردستان بازاڕێکى هێندە گەورە نییە، بەڵام کێبڕکێ دەبینرێت و دۆخەکەش لە بەرژەوەندى کۆمپانیاکانى چینە.
چەند کۆمپانیایەکى ئەمریکى لە بوارى ئۆتۆمۆبیل وەک کۆمپانیاکانى (فۆرد و شیڤرۆلێت)، لە هەرێمى کوردستان لقیان هەیە و ناوبەناویش کاڵایەکى کەمى وشکە و پترۆکیمیایی لە ئەمریکاوە هاوردە دەکرێت، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، بۆچوونى وایە دوورى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان ڕۆڵى سەرەکى هەیە لەوەى ئاستى بازرگانییەکە کەمتر بێت. گوتیشى "هۆکارێکى دیکە ئەوەیە بازرگانان کاتێک دەچنە چین ڕاستەوخۆ لە دەستى یەک و لە کارگەکان دا کاڵا دەکڕن، بەڵام بۆ ئەمریکا ئەمە بە ئاسانى دەست نادات".
14/05/2026