وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: کار لەسەر هەڵدانەوەى گۆڕە تاکەکەسییەکان دەکرێت

ساتی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە ناوچەکانی خوارووی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
ساتی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە ناوچەکانی خوارووی عێراق فۆتۆ: ئەرشیف

بەڕێوەبەری گشتی گۆڕبەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، هاوشێوەى گۆڕەبەکۆمەڵەکان کار لەسەر هەڵدانەوەى گۆڕە تاکەکەسییەکان دەکرێت بەڵام ڕێکارە یاساییەکان ڕێگربوون لەهەڵدانەوە و گەڕانەوەى ڕووفاتەکان بۆ هەرێمى کوردستان.

هەمان پڕۆسەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانە

ئارام نوری یارە، لە بارەى پڕۆسەى هەڵنەدانەوەى گۆڕە تاکەکەسییەکان و گەڕانەوەى ڕووفاتەکانیان بۆ زێدی خۆیان سەرەڕای ناسینەوەیان و زانینی شوێنەکانیان گوتی، لە ڕووی یاساییەوە گۆڕە تاکەکەسییەکان بە هەمان پرۆسەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان دەهێنرێنەوە و کاریان لەسەر دەکرێت بۆیە تاوەکو ئێستا بە هەمان شێوە نەتواندراوە کە بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەماهەنگى لەگەڵ عێراق

بەڕێوەبەری گشتی گۆڕبەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ هەڵدانەوە و هێنانەوەی هەر گۆڕێک چ تاکەکەسی بێت یان بەکۆمەڵ، دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق و فەرمانگەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان کار بکرێت و پشکنینی  دی ئێن ئەی بۆ بکرێت.

تراجیدیاى ئەنفال

جینۆسایدی ئەنفال لە لایەن رژێمی بەعس لە مانگی شوباتی 1988 تاوەکو شەشى ئەیلوولی 1988 لەسەرتاسەری کوردستان کرا و 182 هەزار کەس ئەنفالکراون و 423 کەسیش وەک تۆمەتبار ناویان هاتووە.