سەرۆکی چین: ئەگەر پرسی تایوان بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت گرژی دروستدەبێت

شی جین پینگ، سەرۆکى چین
شی جین پینگ، سەرۆکى چین

شی جین پینگ، سەرۆکى چین، هۆشداری دەداتە سەرۆکی ئەمریکا و پرسی تایوان بە گەورەترین کێشەی نێوان هەردوو وڵات ناودەبات، جەختیش دەکاتەوە کە هەر مامەڵەیەکی هەڵە لەم پرسەدا پەیوەندییەکانی پەکین و واشنتن بەرەو دۆخێکی خراپ دەبات.

مەترسییەکان لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات

تەلەڤزیۆنی فەرمیی چین بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سەرۆکی وڵاتەکە بە شاندی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، کێشەی تایوان گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پەیوەندییەکانیان. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسێیەدا بکرێت، گرژیی توند لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروست دەبێت.

ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا

ئەم سەردانەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چین دوای نزیکەی 10 ساڵ دێت. بڕیارە لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لایەن، چەند پرسێکی گرنگی وەک شەڕی ئێران، دوورگەی تایوان، پرسی بازرگانی و باج، تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بن.

فشاری سەربازیی چین بۆ سەر تایوان

چین تایوان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی خۆی دەبینێت و ئامادەیی نیشانداوە هێز بەکاربهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی ژێر دەسەڵاتی خۆی. لە ئێستاشدا بۆ فشارخستنە سەر کاربەدەستانی دوورگەکە، پەکین بە شێوەیەکی ڕۆژانە کەشتی و فڕۆکەی سەربازی بۆ دەوروبەری تایوان دەنێرێت.

مێژووی جیابوونەوە و ڕۆڵی ئەمریکا

پاش شەڕی ناوخۆی ساڵی 1949، چین و تایوان لە یەکدی جیابوونەوە. لەو کاتەوە ئەمریکا بووەتە گەورەترین هاوپەیمانی ئەو دوورگەیە و چەکی پێ دەفرۆشێت بە مەبەستی بەرگری لە خۆکردن. هەر ئەم پرسەی فرۆشتنی چەکانە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی بەردەوام لەنێوان ئەمریکا و چین.