مارکۆ ڕوبیۆ: کردنەوەى گەرووى هوورمز لە بەرژەوەندیی چینە

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیرەى دەرەوەى ئەمریکا بە یاوەرى دۆنالد ترەمپ، سەرۆکى وڵاتەکەى لە چین
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیرەى دەرەوەى ئەمریکا بە یاوەرى دۆنالد ترەمپ، سەرۆکى وڵاتەکەى لە چین

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیێنێت، ئابووریی چین و وڵاتانی ئاسیا بەشێوەیەکی گەورە پشت بە جووڵەی بازرگانی لە گەرووی هوورمز دەبەستن و داوا لە پەکین دەکات لە پرسی ئێراندا ڕۆڵێکی چالاکتر ببینێت.

داواکاریی ترەمپ لە چین

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە سەرۆک ترەمپ لە سەردانەکەیدا داوا لە چین دەکات ڕۆڵێکی چالاکتری هەبێت لە پرسی ئێراندا. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن قسەی خۆی گەیاندووەتە چین و هیوادارن پەکین لە داهاتوودا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کارەکانی ئێران لەسەر داخستنی گەرووەکە سەرکۆنە بکات.

کەشتییە چینییەکان لە گەرووەکە گیریان خواردووە

بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێویستی کردنەوەی گەرووەکە ئەوەیە کە کەشتییە چینییەکان لە کەنداوی فارس گیریان خواردووە، چونکە سیستمێک دانراوە تەنیا چەند کەشتییەکی دیاریکراو دەتوانن تێپەڕن. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەفتەی ڕابردوو هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی چینی، هەرچەندە پێیوایە ئێران بە ئەنقەست ئەوەی نەکردووە، بەڵام ئێستا کەشتییەکانیان لەو ناوچەیەدا پەکیان کەوتووە.

هەڕەشە بۆ سەر ناسەقامگیری ئاسیا

ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە داخستنی گەرووی هوورمز هەڕەشەیە بۆ سەر ناسەقامگیری کیشوەری ئاسیا زیاتر لە هەر بەشێکی دیکەی جیهان. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا بۆ دابینکردنی وزە، پشت بەو کاڵا و سووتەمەنییە دەبەستن کە لەو گەرووەوە دەگوازرێتەوە.

پەیوەندی گەرووەکە بە ئابووریی چینەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە ئابووریی چین لەڕێگەی هەناردەکردن و فرۆشتنی کاڵاکانی بە جیهان بەهێز دەبێت. ئەگەر ئابووریی وڵاتانی جیهان بەهۆی داخستنی گەرووەکە لاواز بێت، ئەوا کاڵای کەمتر لە چین دەکڕن. بۆیە لە بەرژەوەندی چینە کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و پێویستە ڕۆڵێکی کارایان هەبێت لە کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە.