دانا عەبدولکەریم: پارەی پێویستمان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان نییە و ناکۆکییەک دابەشکردنی یەکەکانی دواخستووە
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرای دەکات کە بەهۆی نەبوونی بودجەی وەبەرهێنان پڕۆژەکانیان ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆسەی دابەشکردنی 9000 یەکەی نیشتەجێبوون بەهۆی ناکۆکییان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران پەکیکەوتووە.
نەبوونی بودجەی پڕۆژەکان
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ بودجەیەکی تایبەت لە عێراقەوە بۆ پڕۆژەکان نایەت و ئەوەی هەیە تەنیا ڕێککەوتنی مووچەیە لە بەرامبەر داهاتی هەرێم. جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی ئەم دۆخەوە پارەی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان.
بەردەوامیی ڕێگا ستراتیجییەکان
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای نەبوونی بودجەی پێویست، کارکردن لە پڕۆژە ستراتیجییەکان نەوەستاوە. لە ئێستادا کارکردن لە ڕێگاکانی (دووکان - چوارقوڕنە)، (وارماوە - دەربەندیخان) و (هەولێر - کۆیە) بەردەوامە و هەوڵ دەدرێت کارەکانیان ڕانەوەستێت.
تەواوبوونی ڕێکارەکانی 9000 یەکە
سەبارەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان، دانا عەبدولکەریم ڕایگەیاند کە تەواوی کارەکانی تایبەت بە 9000 یەکە تەواو بووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بڕدراون و تەنیا قۆناغی ڕاگەیاندنی ناوی سوودمەندبووان ماوەتەوە.
ناکۆکی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاشکرای کرد، هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی دابەشکردنی ئەو یەکانە بۆ بوونی ناکۆکی لە نێوان وەزارەتەکەیان و ئەنجوومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە. گوتیشی، ئەم ناکۆکییە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی تاوەکو ئێستا نەتوانن ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە یەکەکانیان بۆ دەرچووە.
14/05/2026