کارنامەی کابینەکەی عەلی زەیدی پەسەندکرا و لە کۆی 23 وەزارەت دەنگ بە 14 وەزارەت درا
دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بوو بە دەنگدان بە کارنامە و وەزیرە پێشینازەکراوەکانی کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی. لە دانیشتنەکەدا کارنامەی کابینەکەی عەلی زەیدی پەسەندکرا و لە کۆی 23 وەزارتیش دەنگی بە 14 وەزارەت درا، دەنگدانیش بە نۆ وەزیری دیکە دواخرا بۆ دوای جەژنی قوربان.
ئامادەبوانی پرۆسەی دەنگدان بە کابینەی نوێ
دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 270 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆکی حیزبەکان بەڕێوەچوو، کە نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشی میوانەکان و شانبەشانی سەرکردەکانی دیکەی عێراق چاودێریی پرۆسەی دەنگدانیان بە کابینەکەی زەیدی کرد.
دەنگ بە 14 وەزارەت درا
لە دانیشتنەکەدا عەلی زەیدی، کارنامەی کابینەکەی خوێندنەوە و بە کۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانتارەکانەوە پەسەندکرا . لە کۆی 23 وەزارەتیش متمانە بە 14 وەزارەت درا.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بەم وەزارەتانەی خوارەوە دراوە:
باسم محەمەد خزەیر: وەزیری نەوت
محەممەد نووری ئەحمەد: وەزیری پیشەسازی
عەلی سەعد وەهیب: وەزیری کارەبا
عەبدولحسێن عەزیز: وەزیری تەندروستی
سروە عەبدولواحید: وەزیری ژینگە
عەبدولڕەحیم جاسم: وەزیری کشتوکاڵ
مووسەننا عەلی مەهدی: وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان
مستەفا نزار جومعە: وەزیری بازرگانی
خالید شوانی: وەزیری داد
عەبدولکەریم عەبتان: وەزیری پەروەردە
وەهب سەلمان محەممەد: وەزیری گواستنەوە
فالح ئەلساری: وەزیری دارایی
فوئاد حوسێن: وەزیری دەرەوە
مستەفا جەبار سەند: وەزیری پەیوەندییەکان
وەزیرە کوردەکانی کابینەی نوێی عێراق
ڕێباز حەملان، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق، دەنگی پێویستی بۆ بوون بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەدەستنەهێنا. لەنێو لایەنە کوردستانییەکاندا خالید شوانی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەنگی پێویستی بۆ بوون بە وەزیری دادی عێراق بەدەستهێنا. هەروەها سروە عەبدولواحید لە نەوەی نوێ، بۆ بوون بە وەزیری ژینگەی عێراق دەنگی پێویستی پێدرا و فوئاد حسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق، توانیی دەنگی پێویست بە دەستبهێنێت.
دەنگدان بۆ وەزیرەکانی دیکە کەوتە دوای جەژنی قوربان
لە پرۆسەی دەنگدان و بەخشینی متمانە بە کارنامەکەی عەلی زەیدی و کابینەکەی، کارنامەکەی عەلی زەیدی و 14 وەزیری پێشنیازکراو، دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا. نۆ وەزیری دیکەماون، کە دەنگ و متمانەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێ بدرێت. پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەربژێری نوێ بۆ وەزارەتە ماوەکان دیاری بکەن و تاوەکو دیاریکردنی بەربژێر بۆ ئەو وەزارەتانە و دیاریکردنی بەربژێرەکان لەلایەن، لایەنە سیاسییەکانەوە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵگیرا. میدیای فەرمیی عێراقیش بڵاویکردەوە، دەنگدان بە وەزیرەکانی دیکە دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان.
وەزارەتە ماوەکان
بەگوێرەی میدیای فەرمیی عێراق نۆ وەزارەت ماون بۆ ئەوەی دواتر دەنگ و متمانەیان پێ بدرێت و ئەو وەزارەتانەش بریتین لە:
پلاندانان
ئاوەدانکردنەوە
کاروکاروبای کۆمەڵایەتی
ناوخۆ
بەرگری
گەنجان و لاوان
خوێندی باڵا
ڕۆشنبیری
کۆچ و کۆچبەران
بڕیارە لەدوای جەژنی قوربان و کاتێک لایەنە سیاسییەکان بەربژێریان بۆ ئەو وەزارەتانە دیاریکرد، لە ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆسەی دەنگدان و متمانە پێبەخشینیان بەڕێوەدەچێت.
14/05/2026