عەلی زەیدی نیوەی ڕێگەکەی بڕی؛ لە ناوخۆ و دەرەوەش ئەرکی قورسە
بەڕوویەکی گەشەوە هاتە ناو باڵەخانەى ئەنجوومەنى نوێنەران، بە پەسەندکردنی کارنامەی کابینەکەی و متمانەدان بە زیاتر لەنیوەی وەزیرەکانی هۆڵەکەی جێهێشت..
بڕینى نیوەى ڕێگەکە
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، زیاتر لە نیوەى ڕێگەکەی بڕی و ڕەزامەندیی لەسەر زۆرینەی ئەو ناوانە وەرگرت کە لە لێستێک دا بۆ وەزیرانى کابینەکەى دیاریکردبوون.
خوێندنەوەى ناوى بەربژێرەکان
سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران ناوى بەربژێرەکان بۆ پۆستە وزارییەکان دەخوێنێتەوە و داوا دەکات دەنگیان پێ بدرێت.
14 وەزارەت یەکلابووەوە
لە کۆى لە کۆی 23 وەزارەت، متمانە بە 14 وەزارەتی حکومەتەکەی زەیدی درا و تەنیا خالید شوانى لە پشکى یەکێتى کۆى دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى بەدەستهێنا.
ڕێباز حەملان شکستیهێنا
دەنگدان بە وەزارەتەکانی پلاندانان و ناوخۆ و ئاوەدانکردنەوە و وەرزش و خوێندنی باڵا دواخرا، ڕێباز حەملانیش لە پشکى پارتى دەنگی پێویستی بۆ بوون بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەدەستنەهێنا و ژمارەیەک پەرلەمانتار دژى بوون و تۆمەتبارکرا بەوەى قسەى بە عێراق گوتووە، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتییش خەتاکە دەخاتە ئەستۆى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران و دەڵێت، کێیان ویست تێیانپەڕاند.
ناوخۆ و خوێندنى باڵا و پلاندانان
لەگەڵ ئەوەی بەربژێرەکان بۆ سێ وەزارەتی سەرەکی، کە بریتین لە ناوخۆ و خوێندنی باڵا و پلاندانان، نەیانتوانی متمانەی ئەنجوومەنى نوێنەران بەدەستبهێنن، حکومەتە پەسەندکراوەکەی زەیدی زۆرینەیان وەکخۆی نامۆن بە حکومدارى، وەزارەتەکانى بەرگری، کار و چەند وەزارەتێکی دیکە نەخرانە دەنگدانەوە.
هەستکردن بەبوونى حکومەت
وەزیرێکى نوێى کابینەکەى زەیدی لە یەکەم لێدوانی دا بەڵێنى خزمەتکردنى دانیشتووانى عێراق دەدات و دەڵێت، وا لەم وڵاتە دەکەن، خەڵک هەست بکات حکومەت هەیە.
هەوڵدەدەین پشت بەخودا وا لەم وڵاتە بکەین، خەڵک هەست بکات حکومەتێک هەیە وەزارەتێک هەیە خزمەتیان دەکات، بۆیە هەوڵدەدەین خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت بۆ هاوڵاتییان دابینبکەین و ئەو بەرنامەیەش لە نیوەی تەمەنی حکومەت دەخەینەگەڕ پشتبەخودا.
عێراقییەکان چاوەڕوانن و ئەرکى زەیدى قورسە
هێشتا کابینە وەزارییەکەى زەیدى پڕنەبوونەتەوە، بەڵام تەواوى عێراقییەکان لە چاوەڕوانى ئەوەدان زەیدى بتوانێت خزمەتى وڵاتەکە بکات و لە مەترسییەکانیش دوورى بخاتەوە، هەروەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زەیدی ئەرکی قورسە و دەبێت لە یەککاتدا دڵی ئەمریکییەکان ڕازی کات و ئێرانیش لەخۆی زویر نەکات.
15/05/2026