ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنگۆی دیموکرات بڵاوبووەتەوە

دەستەی تەندروستیی ئەفریقا، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلای لە ڕۆژهەڵاتیی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات ڕاگەیاند.

بڵاوبوونەوەى ئیبۆلا لە ناوچەیەکى ململانێى چەکدارى

دەستەی تەندروستیی سەر بە یەکێتیی ئەفریقا لە ئەدیس ئەبابا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ڤایرۆسی ئیبۆلا لە هەرێمی ئیتوری لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگی دیموکرات بڵاوبووەوەتەوە کە ناوچەکە ململانێی چەکداری تێدایە.

ئامارەکانى گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە

سەنتەری ئەفریقی بۆ بنبڕکردنی نەخۆشییەکان و خۆپاراستن لێیان، ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا لە پشکنینە تاقیگەییەکان چوار حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە پشتڕاستکراوەتەوە، هەروەها 65 حاڵەتی گیانلەدەستدان لەنێوان 246 حاڵەتی گومانلێکراو بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە.

نەخۆشیەکە لەچیەوە بڵاودەبێتەوە؟

ئەوە بۆ 17ـیەمین جارە ئیبۆلا لە کۆنگۆی دیموکرات بڵاودەبێتەوە و نەخۆشییەکەش لە ناوی ڕووباری ئیبۆلای ئەو وڵاتەوە هاتووە، چونکە یەکەمجار لە ساڵی 1976 نەخۆشییەکە لەوێ دەستنیشانکرا.

ڤایرۆسێکى کوشندەیە

سەرباری بوونی ڤاکسین و چارەسەری نوێ، بەڵام ڤایرۆسەکە هێشتا کوشندەیە و لە ماوەی 50 ساڵی ڕابروودا بووەتە هۆی مردنی 15 هەزار کەس لە ئەفریقا.