كریس ڕایت: چین دەبێتە کڕیارێکى سەرەکیى نەوتى ئەمریکا

كریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا
كریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا

كریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، ڕایگەیاند، چین دەبێتە کڕیارى سەرەکیى نەوتى ئەمریکا، لە چەند ڕۆژى داهاتووشدا سزاى سەر ئەو کۆمپانیا چینییانە لادەبرێن کە نەوت لە ئێران دەکڕن.

چین دەبێتە کڕیارى سەرەکى نەوتى ئەمریکا

بە گوتەی وەزیری وزەی ئەمریکا، چین دەبێتە کڕیارێکی سەرەکیى نەوتی خاوی ئەمریکا، کە لە گرفتی کەمیى وزە بەهۆی جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕزگارى دەکات".

هەناردەى نەوتى ئەمریکا لەکوێوە دەکرێت؟

هاوکات، ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، ئێستا نەوتی ئەمریکا لە کەنداوی مەکسیکەوە هەناردە دەکرێت و لە داهاتوویەکى نزیکدا بڕێکی زیاتری نەوت بۆ چین هەناردە دەکەن.

ڕێککەوتنى ترەمپ و شى جینپینگ

ئەم گوتانەى وەزیرى وزەى ئەمریکا پاش سەردانەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا دێت بۆ چین و گفتوگۆکانى لەگەڵ شى جین پینگ، سەرۆکی چین، کە تێیدا چەندین ڕێککەوتن لەنێوان هەردوولایاندا ئەنجامدراوە.

لابردنى سزاکانى سەر کۆمپانیا چینییەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، لەکاتی گەڕانەوەى لە گەشتەکەى بۆ چین، لەناو فڕۆکە بۆ ڕۆژنامەوانان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژى داهاتوو سزاى سەر ئەو کۆمپانیا چینییانە لادەبەین کە نەوت لە ئێران دەکڕن.

کۆتایی سەردانەکەى ترەمپ بۆ چین

سەرۆکی ئەمريکا رۆژى هەینى کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا بۆ چين، کە رۆژى 13ـى ئایار گەیشتە ئەو وڵاتە و تاوتوێی بابەتەکانی جەنگی ئێران، پرسی تایوان، بازرگانیی جیهان، بازاڕی وزە و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان ئەمریکا و چین کران.