داوا دەکرێت لێکۆڵینەوە لە 3500 تاوانی بکەر نادیاری ساڵانی 90 بکرێت

ژووری پارێزەرانی ئامەد، داوا دەکات لێکۆڵینەوە لە سێ هەزار و 500 تاوانی بکەرنادیار بکرێت کە لە ساڵانی نەوەدەکان دا ئەنجامدراون و بەهۆی تێپەڕینی کاتەوە بەسەریان دا، ناتوانرێت دۆسییەکانیان بکرێتەوە.

ڕێگریی لە کردنەوەى دۆسییەکە

پاش دامەزراندنی سەرۆکایەتی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە بکەرنادیارەکان لە وەزارەتی دادی تورکیا، ژووری پارێزەرانی ئامەد بە مەبەستی لادانی ئەو بڕگە یاساییەی ڕێگریی دەکات لە کردنەوەی دۆسییەکانی تاوانە بکەرنادیارەکان و بێسەروشوێنکردنەکان، داواکاری پێشکەشکرد. 

3 هەزار و 500 دۆسییەى تاوان

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا سێ هەزار و 500 دۆسییەی تاوانی بکەرنادیار و بێسەروشوێنکردن هەن کە بۆ ساڵانی 1990ەکان لە باکووری کوردستان دەگەڕێنەوە.

وەزارەتى داد لێکۆڵینەوە دەکات

سەرۆکایەتی فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە بکەرنادیارەکان لە وەزارەتی داد، پێداچوونەوە بە دۆسییەکانی تاوانە بکەرنادیارەکانی ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو دەکات و ژووری پارێزەرانی ئامەد داواکارییەکەی ئاڕاستەی فەرمانگەکە کردووە.

ژوورى پارێزەرانى ئامەد داواى چى دەکات؟

لە داواکارییەکەدا، ژووری پارێزەرانی ئامەد داوا دەکات کۆتایی بە جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە بهێنرێت کە ڕێگریی دەکات لەوەی تاوانە بکەر نادیارەکانی ساڵانی 1990 بەهۆی تێپەڕینی کاتەوە لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت.