نامۆ فازیڵ بەرەو پاڵەوانبوون
بەرەبەیانی یەکشەممە 17ـی 5، پاڵەوانێکی کورد لە ئیڤێنتێکی گەورەی ئێم ئێم ئەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مێژوو بۆ کورد دەنووسێتەوە.
نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی
نامۆ فازیڵ، کە وەک خۆی دەڵێت "نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبیم و دەمەوێت ئاڵای کوردستان بە جیهان بناسێنم"، لە شەڕێکی گەورەدا ڕووبەڕووی جەیک بابیانی ئەمریکی دەبێتەوە، هەموو جیهان بەرەبەیانی یەکشەممە، شایەتحاڵی پاڵەوانە کوردەکە دەبن کە لە تۆڕی نێتفلیکس پەخش دەکرێت و ئەمجارەش لە تەنیشت ناوی نامۆ ئایکۆنی ئاڵای کوردستان داندراوە.
نامۆ لە 29ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 1996 لەدایکبووە، تەمەنی 29 ساڵە، لە ڕیزبەندیی یاریزانانی ئێم ئێم ئەی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلەی 160ـی گرتووە، تاوەکو ئێستا تەنیا یەک شکستی هەیە و نۆ بردنەوەی لە سەرجەم ڕکابەرەکانی دیکەی هەیە.
نامۆ بە دەروونە گەرمەکەی ناسراوە، دوایین شەڕی لە گویلێرمۆ باستۆنی بەڕازیلی بردەوە، ئەوکات لە راوندی سێیەم بە لێدانێکی ئێجگار بەهێز سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەر لەو یارییەشدا ئاڵای کوردستانی بە ڕووی هەموواندا بەرزکردەوە، ئەمجارەش هەموو هاندەران هەر لە کوردستانەوە تاوەکو ئەمریکا چاوەڕێی دووبارە بوونەوەی ئەم ساتەن.

نامۆ و بابیان لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی ڕووبەڕووبونەوە، پاڵەوانە بە ئاشکرا پەیامی خۆی گەیاند و گوتی "بژی کورد و کوردستان، سەرکەوتن بۆخۆمانە و شەڕکردن لە خوێنمانە."
هەردوو یاریزانەکەش خۆیان کێشا، نامۆ کە باڵای 183 سانتیمەترە بۆ ئەم شەڕە گەیشتە 77 کیلۆ، بابیانی ڕکابەریشی لە لایەکی دیکەوە باڵای 185 سانتیمەترە وکێشی 83 کیلۆگرامە.
شایەنی باسە ئەمە یەکەمجارە کوردێک لەم وەرزشەدا لە ئیڤێنتێکی وەها گەورەدا بەشداربێت و یارییەکەش لە تۆڕی نێتفلیکس پەخشبکرێت.
16/05/2026