عادل ئیمام لە میدیاکان دووردەخرێتەوە
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عادل ئیمام ئاشکرایکرد، لەم دواییانەدا ئۆفەرێکی ڕێکخراوێکی گەورەیان بۆ ڕێزلێنان لەو بۆنەیەکی هونەریدا ڕەتکردووەتەوە، هۆکارەکەشی ڕووندەکەنەوە.
هیچ خەڵاتێکی ڕێزلێنانیش وەرناگرێت
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، خێزانەکەی پێیان باشە ئەکتەرە دیارەکەی میسڕ لەم کاتەدا خۆی لە دەرکەوتنی میدیایی و تەلەفزیۆنی بەدوور بگرێت و تەنانەت هیچ خەڵاتێکی ڕێزلێنانیش وەرناگرێت.

خانەوادەی هونەرمەند، عادل ئیمام پێیان وایە کە کارە هونەرییەکانی ئەکتەرە میسڕییەکە بەسە بۆ ئەوەی لە هزری بینەراندا بمێنێتەوە و هەروەها هیچ پێویستی بە دەرکەوتنی زۆر یان بەشداریکردن لە بۆنە گشتییەکاندا نییە.
دەیانەوێت ئەکتەرە میسڕییەکە پشوو وەربگرێت
ماڵباتی عادل ئیمام لە ئێستادا دەیانەوێت ئەکتەرە میسڕییەکە پشووی زیاتر وەربگرێت بۆیە زۆر وریا دەبن لە هەر ئۆفەرێک کە پەیوەندی بە دەرکەوتنی عادل ئیمامەوە هەبێت یان خەڵاتی ڕێزلێنان وەربگرێت.

پاراستنی وێنەی عادل ئیمامە
جەختیشیان لەوە کردەوە، کاری لە پێشینەی ئەوان پاراستنی ئەو وێنەیەی عادل ئیمامە کە ساڵانێکی زۆرە خەڵک پێیەوە وابەستە بووە، بەو پێیەی یەکێکە لە دیارترین هێماکانی هونەری عەرەبی و خاوەنی ناوبانگێکی ناوازەیە لە بواری سینەما و شانۆ و تەلەفزیۆن، بۆیە خێزانەکەی دەیانەوێت تەنها چەند وێنەیەکی بڵاوبکەنەوە ئەویش جارجارە لە ڕۆژی لەدایکبوونی یان بۆنە خێزانییەکاندا.
16/05/2026