ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەنجامدا

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

پاش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و کارنامەیەکی چڕی بۆ چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان ڕاگەیاند.

یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی نوێ

ئەمڕۆ 16ـی ئایاری 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێ ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئەو 14 وەزیرەی متمانەیان پێدراوە بەشدار بوون، لە نێویاندا هەرسێ وەزیرە کوردەکە (فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە، خالید شوانی وەزیری داد و سروە عەبدولواحید وەزیری ژینگە) ئامادەی دانیشتنەکە بوون.

بەرنامەی ئابووریی گشتگیر

عەلی زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە کاری لە پێشینەی حکومەتەکەی، جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ئابووریی گشتگیر دەبێت. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بونیادنانی ئابوورییەکی فرەجۆرە کە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات (نەوت) نەبەستێت، بەڵکو کەرتەکانی دیکەش چالاک بکرێن.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سامانی گشتی

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیدا کە بە هەموو توانایەکیانەوە کار بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی بکەن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵ دەدەن دەرفەتی کار بڕەخسێنن و ڕێژەی بێکاری لە وڵاتدا کەم بکەنەوە.

باشترکردنی کەرتی تەندروستی و پەروەردە

سەبارەت بە کەرتی پەروەردە، زەیدی ڕایگەیاند کە هەموو پاڵپشتییەکی قوتابخانە و زانکۆکان دەکەن. لە کەرتی تەندروستیشدا بەڵێنیدا گەیشتنی دەرمان و چارەسەری پزیشکی بۆ هەموو هاووڵاتییان لە شار و گوندەکان بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکەن.

پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە ستراتیجییەکان

عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە چیتر پرسی خزمەتگوزارییەکان نابێتە بارمتەی بەڵێنی دواخراو. حکومەتەکەی بە شێوەیەکی مەیدانی کار بۆ پڕۆژە ستراتیجییەکانی کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، ئاوەڕۆ و نیشتەجێبوون دەکات تاوەکو کاریگەرییەکانیان بە ڕوونی دەربکەون.

سەروەریی نیشتمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیدا کار بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی عێراق بکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییە عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش بەهێز دەکەن تاوەکو پێگەی مێژوویی وڵات لە ناوچەکەدا بپارێزرێت.