ئەردۆغان: پێویستە ڕاپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەکە بۆ پرۆسەی ئاشتی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەو قۆناغەی پرۆسەی چارەسەریی پێگەیشتووە، ڕایگەیاند: "دەزگای هەواڵگریی تورکیا کاردەکات بۆ خێراکردنی پرۆسەی چەکدانان" و بە پێویستی زانی ئەو نەخشەڕێگەیەی لیژنە پەرلەمانییەکە لەچوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا ئامادەیکردووە، جێبەجێبکرێت.
کارکردن بۆ خێراکردنی پرۆسەی چەکدانان
لەمیانی گەڕانەوەی لە کازاخستانەوە بۆ تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو هەواڵانەی پشتڕاستکردەوە کە باس لە پەیوەندیی نێوان قەندیل و شاندێکی دەوڵەت دەکەن و ڕایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی ناسراو بە میت کار دەکات بۆ خێراکردنی پرۆسەی چەکدانان.
"دانایانە سەرجەم کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەکە تێدەپەڕێنرێت"
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەکە ئاماژەی بەوەکرد، تورکیای بێتیرۆر ناوی ئامانجێکە کە یەکێتی، تەبایی و برایەتی هەمیشەیی 86 ملیۆن دانیشتووی وڵات قووڵتر دەکاتەوە و گوتیشی: "ئێمە وەک هاوپەیمانیی جمهور لە چوارچێوەی ئامانجە هاوبەشەکانماندا، هەنگاوی پتەو، ژیرانە و بوێرانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەهاوێژین" و "پێداگرین و ئەو کەسانە دڵخۆش ناکەین کە تورکیای بێتیرۆریان ناوێت، بە تێپەڕاندنی دانایانەی سەرجەم کۆسپەکان، بە دڵنیاییەوە دەگەینە ئامانج".
هێرشەکەی سەر توساش
سەبارەت بەو ماوەیەی لە پرۆسەکەدا تێپەڕیوە و هەوڵەکان بۆ لەباربردنی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لە 18 مانگی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە، چەندین بەربەستی ئاشکرا و نهێنیمان تێپەڕاندووە هاوشێوەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بۆشاییگەریی تورکیا (توساش)، بەڵام لەو رێبازەی گرتوومانە پاشەکشەمان نەکردووە".
ڕاپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەکە و جێبەجێکردنی
ئەردۆغان باس لەوەش دەکات، لیژنە پەرلەمانییەکەی پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمای سازان نەخشەڕێگەیەکی نووسیوەتەوە و بەپێویستی دەزانێت، لەڕێگەی "بۆچوونێکی بونیادنەر و چارەسەرخوازانە"، نەخشەڕێگەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
"کەسانێک بە پرۆسەکە نائاسوودە دەبن"
جەختی لەسەر گرنگیی هەستی بەرپرسیارێتییش کردووەتەوە و هەروەها گوتوویەتی: "وەک چۆن کەسانێک هەن هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە نزا بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن، بەهەمان شێوە کەسانێکیش هەن بەمە نائاسوودە دەبن". سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای هەموو دەنگە دژەکان پرۆسەکە تاوەکو ئەمڕۆ، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و بەربەستە سروشتییەکاندا، "بەرەو پێشچوونی بەخۆوە بینیوە".
16/05/2026