ئەورووپا بۆ تێپەڕینی کەشتییەکانی بە گەرووی هوورمزدا لەگەڵ ئێران دانوستان دەکات

تێپەڕبوونی ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک بەلەمی ماسیگرەکانی گەرووی هورمز
تێپەڕبوونی ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک بەلەمی ماسیگرەکانی گەرووی هورمز

وڵاتانی ئەورووپا بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکانیان بە گەرووی هوورمز لەگەڵ ئێران لە دانوستاندان.

تێپەڕینی کەشتییەکانی چین و ژاپۆن و پاکستان

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ئاشکرای کردووە، ئەورووپییەکان دەستیان بە دانوستان لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی کردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تێپەڕینی کەشتییەکانیان بە گەرووی هوورمزدا، بەبێ ئەوەی ناو وڵاتەکان ئاشکرا بکات، ئەمەش پاش تێپەڕبوونی کەشتییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەتایبەتی چین، ژاپۆن و پاکستان دێت.

ڕێکخستنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هوورمز

ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تاران میکانیزمێکی بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆی دەریایی لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە بە درێژایی ڕێڕەوێکی دیاریکراو ئامادە کردووە، بەم زووانە ئاشکرای دەکەن.

تێپەڕبوون سنووردار دەبێت بە کەشتییە بازرگانییەکان

عەزیزی ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم میکانیزمە سنووردار دەبێت بە کەشتییە بازرگانییەکان و ئەو لایەنانەی کە "هاوکاری" لەگەڵ ئێران دەکەن، ڕوونیکردەوە، پارە بۆ خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکان وەردەگیرێت کە بەگوێرەی میکانیزمەکە پێشکەش دەکرێت.

قەبارەی تێپەڕینی نەوت و گاز لە گەرووی هوورمزدا

گەرووی هوورمز نزیکەی 25٪ـی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانیی هەموو جیهان و 20٪ گازی شلی سروشتیی جیهانی پێیدا تێدەپەڕێت. گەرووەکە خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکایە لە دانوستانەکاندا کە ئامانج لێی کۆتاییهاتنی شەڕە.