ئەحمەد شەرع و تۆم باراک تاوتوێی دۆخی ئابووری و توانای ئەمنیی سووریایان کرد

تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا
تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا

ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە دیمەشق کۆبوونەوە و ژمارەیەک دۆسیەی هاوبەشیان تاوتوێ کرد کە بۆ هەردوو وڵات بە بایەخن.

بەرزکردنەوەی هاوکاریی ئابووری واشنتن و دیمەشق

بە گوێرەی ڕاگەیێنراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادەی بووە، دوایین پێشهاتەکانی وڵاتەکە و ناوچەکە و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاریی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات و کۆمەڵێک پەیوەست بە هەردوو وڵات تاوتوێ کراون.

سەقامگیریی سووریا پەیوەندیی بە ئاسایشی ئەمریکاوە هەیە

بەرلە سەردانەکەی باراک، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کە سەقامگیریی سووریا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە ئاسایشی ئەمریکاوە هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، سیاسەتی واشنتن بەرامبەر بە سووریا لە قۆناغی داهاتوودا ڕوونتر دەبێتەوە.

بونیادنانی توانا ئەمنییەکانی سووریا

کوپەر لە وتەکانیدا لەبەردەم لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیران گوتیشی، ئەمریکا لە پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی سووریا بەردەوام دەبێت و کاردەکات بۆ بونیادنانی توانا ئەمنییەکانی سووریا لە ڕێگەی هاوبەشە ناوچەییەکانەوە.