سوپای ئیسرائیل: ئەفسەرێکمان لە باشووری لوبنان کوژرا
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەفسەرێکییان لە هێزی پیادەی جۆلانی لە ناوچەی ڕووباری لیتانی لە باشووری لوبنان کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
بە هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو کوژراوە
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی سوپای ئیسرائیل ، ئێوارەی هەینی (15/5/2026) هێزێکی سەر بە کەتیبەی 12 لەژێر فەرماندەیی فیرقەی 36دا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە دەستپێکردووە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی حیزبوڵا ئاڕاستەی هێزێکیان کراوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێکیان بە ناوی مەعوەز ڕوکنەتی تەمەن 24 ساڵان کە پلەی نەقیب بووە بە سەختی برینداربووە.
هەوڵە پزیشکییەکان بێ ئاکام بوون
لە ڕاگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیل دا ئاماژە بەوەشکراوە ، تیمە پزیشکییەکان هەوڵیانداوە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ئەفسەرەکە بکەن و ئامادەی بکەن بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بەڵام باری تەندروستی تێکچووە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
ڕائیدێکی سوپای ئیسرائیل لە هەمان شوێن کوژراوە
ئاماژە بەوەشکراوە، چەند کاتژمێرێک بەر لەم ڕووداوەش لە هەمان ناوچە، سەربازێکی دیکەی سەر بە هەمان کەتیبە کە ڕائیدی پلە یەک بووە و بە ناوی نیگیڤ بە تەقەی هێزەکانی حیزبوڵا کوژراوە.
ناوچەی ڕووباری لیتانی
ئەم ڕووداوەنە لەکاتێکدان کە لە ناوچەی ڕووباری لیتانی چەند ڕۆژێکە شەڕو پێکدادانی توند لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵادا بەردەوامە، کە تێیدا مووشەکی ئاڕاستەکراو، هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنرێن.
16/05/2026