نامۆ فازیڵ بەردەوامە لە ڕیکۆردە نایابەکانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پاڵەوانی کورد نامۆ فازیڵ لە یەکێک لە گەورەترین ئیڤێنتەکانی ئێم ئێم ئەی، توانی لە جەیک بابیانی ئەمریکی بباتەوە و بووە پاڵەوان.

جارێکی دیکە شانازی بۆ گەلی کوردستان
نامۆ فازڵ یاریزانى کورد لە پاڵەوانییەتى ئێم ئێم ئەى یاخود ئیڤێنتەکانی ئێم ڤی پی توانی سەرکەوتنێکى گەورە بەدەستبهێنێت و لەگەڕى دووەم و لە چرکەى 0.58 لە جەیک بابیانی بردەوە.
یارییەکە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو، کە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆش لە تۆڕى نێتفلێکس دەگوازرایەوە.
نامۆ لە سەرەتاى چوونە ژوورەوەى بە ئاڵاى کوردستان و بە شەڕواڵى کوردییەوە چووە ناو یاریگاکە، بە ورەیەکى بەرزەوە دەستى کرد بە یاریکردن، لەکاتى یارییەکەش وایکرد کە یاریزانى بەرامبەر کە جەیک بابیان بوو، خۆى ڕادەست بکات، کە بە سەبمیت واتا تەسلیمبوون ناسراوە، بەمەش توانى سەرکەوتنێکى گەورە بەدەستبهێنێت.
لە پاش سەرکەوتنەکەى نامۆ لەگەڵ ئارمان سارۆکیانی ئەرمینی بووبە دەمەقاڵێیان کە پێشتر ئارمان قسەى بە کورد گوتبوو و کوردەکانی بە "قەرەج" ناوبرد، بۆیە نامۆش پێش یاریی و دوای یارییەکەش چەندین پەیامی بۆ نارد.
نامۆ پاش بردنەوەکەى ڕایگەیاند، "من هەمووکات ئامادەى شەڕم لە هەرشوێنێک لە هەرکاتێک"
گوتیشی، "رێگەم بدەن سبەینێش دەتوانم شەڕ بکەم و پێویستم بە پشوو وەرگرتن نییە."
شایەنی باسە نامۆ بردنەوەکانی گەیاندە 10 بردنەوە لە کاروانی وەرزشی خۆیدا، وە ئەمەش یەکەمجارە کوردێک لەم وەرزشەدا و لە ئیڤێنتێکی وەها گەورەدا بەشداربێت و یارییەکەش لە تۆڕی نێتفلیکس پەخشبکرێت.

17/05/2026