نامۆ فازڵ سەرکەوتنى بەسەر جەیک بابیان بەدەستهێنا

یاریزانی کورد نامۆ فازڵ، لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەی لە پاڵەوانییەتی (MMA) بەدەستهێنا و ڕکابەرە ئەمریکییەکەی ناچار بە خۆبەدەستەوەدان کرد، دوای یارییەکەش ڕایگەیاند کە پێویستی بە پشوو نییە و ئامادەیە سبەینێش بچێتەوە ناو قەفەس.

تۆمارکردنی سەرکەوتن لە گەڕی 2ـەمدا
نامۆ فازڵ، یاریزانی کوردی هونەرە بەرگرییەکان، لە پاڵەوانییەتی (MMA) ڕووبەڕووی جەیک بابیان بووەوە. نامۆ توانی لە گەڕی 2ـەم و لە چرکەی 0.58ـدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. یارییەکە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن سەکۆی جیهانیی (Netflix)ـەوە گوازرایەوە.

پیشاندانى ناسنامەى کوردى
نامۆ لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆ ناو یاریگاکە، ئاڵای کوردستان و شەرواڵی کوردی پۆشیبوو. لە کاتی یارییەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و توانی لە ڕێگەی تەکنیكی (Submission)ـەوە جەیک بابیان ناچار بکات خۆی ڕادەست بکات و کۆتایی بە یارییەکە بهێنێت.

گرژیى نێوان نامۆ و ئارمان سەرۆکیان
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، گرژی و دەمەقاڵێ لە نێوان نامۆ فازڵ و ئارمان سەرۆکیان دروستبوو. ئەم کێشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر ئارمان سەرۆکیان لە لێدوانێکدا قسەی بە گەلی کورد گوتبوو، نامۆش لە دوای سەرکەوتنەکەی وەڵامی ئەو یاریزانەی دایەوە.

ئامادەیی بۆ شەڕى داهاتوو
لە لێدوانێکدا دوای بردنەوەکەی، نامۆ فازڵ جەختی لەسەر ئامادەیی بەردەوامی خۆی کردەوە و گوتی: "من هەمووکات ئامادەی شەڕم لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێک بێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستی بە پشوودان نییە و ئەگەر ڕێگەی پێ بدەن، دەتوانێت سبەینێش یارییەکی دیکە ئەنجام بدات.