دوو ئەستێرەی مانچێستەر سیتی خۆیان پێشکەشی ڕیاڵ مەدرید کردووە

لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، بێرناردۆ سیلڤا و گڤاردیۆل، یاریزانانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، لە ڕێگەی بریکاری کارەکانیانەوە، خۆیان پێشکەشی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، دوای ئەوەی ئۆفەرەکەی یانەی بەرشلۆنەی ڕەتکردەوە، لە ئێستادا بێرناردۆ سیلڤای یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، داوای لە بریکاری کارەکانی کردووە، هەموو هەوڵێکی خۆی بدات بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە یانەی ڕیاڵ مەدرید درێژە بە یاریی کردن بدات.

هاوکات سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، تەنها بێرناردۆ سیلڤا نییە کە ئارەزووی یاریی کردن دەکات بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید، گڤاردیۆلی بەرگریکاریش هاوشێوەی یاریزانە پۆرتوگالییەکە، خواستی خۆی بۆ یاریی کردن لە ڕیاڵ مەدرید دەربڕیوە، بەرپرسانی ڕیاڵ مەدریدش ماوەیەکی زۆرە لە نزیکەوە چاودێری ئاستی بەرگریکارەکە دەکەن، پێشبینی دەکرێت ئەم هاوینە یانەی شاهانە هەردوو یاریزانەکە بۆ ڕیزەکانی بگوازێتەوە.