شارەوانیی سلێمانى: پێویستمان بە 54 هەزار پارچە زەوی دیکەیە بۆ فەرمانبەران

، تاوەکو ئێستا لە سلێمانى و هەولێر بە چەند قۆناغێک زەوى بە بەشێک لە فەرمانبەران دراوە
، تاوەکو ئێستا لە سلێمانى و هەولێر بە چەند قۆناغێک زەوى بە بەشێک لە فەرمانبەران دراوە

ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژى سەرۆکایەتى شارەوانیی سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند "پێویستمان بە نزیکەى 75 هەزار پارچە زەوى هەیە تاوەکو دابەش بکرێت بەسەر فەرمانبەران دا، کە 21 هەزار پارچە زەوى دابەشکراون و نزیکەى 54 هەزار پارچە زەوى دیکەمان پێویستە تەرخان بکرێت".

21 هەزار پارچە زەوى دابەشکراوە

ئاماژەى بەوەشکرد، لە سنوورى شارەوانیى سلێمانى لە هەرسێ ناوچەى تانجەرۆ، سۆتکە و تاسڵوجە زیاتر لە 21 هەزار پارچە زەوى بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە و پڕۆسەیەکى دیکەى دابەشکردنى زەوى لەماوەى داهاتوویەکى نزیدا بەڕێوە دەچێت.

ڕەزامەندى لەسەر کوژاندنەوەى زەوى کشتوکاڵى نوێ

گوتیشى" ڕەزامەندى سەرەتایی لە ئەنجوومەنى شارەوانى سلێمانى دراوە و خەریجى تەواوکردنى ڕێکارەکان دەکرێت کە پەیوەندى بە کوژاندنەوەى زەوى و خستنە سەر ناوى شارەوانى هەیە، پاشان دێتەوە بۆ ئەنجوومەنى شارەوانى و پاش ڕەزامەندى کۆتایی زەوى بەردەست هەرچەندە بێت دابەشى دەکەین".

ماستەرپلانى نوێ 472 کیلۆمەترە

هەروەها ئەوەشى دووپاتکردەوە، دابەشکردنى زەوى لە قۆناغى دیکەدا لە چوارچێوەى سنوورى ماستەر پلانى شارى سلێمانی دەبێت کە 472 کیلۆمەترە، گوتیشى" چەند زەوى لە ناوچەکانى سۆتکەو لاوان و تاسوڵجە هەبێت دابەشدەکرێت، ئەوى دیکەى پێگەو شوێنى گونجاو بۆ فەرمانبەران دیاریدەکرێت".

زەوییەکان گونجاو بن

گوتەبێژى سەرۆکایەتى شارەوانیی سلێمانى، ئەوەشى دووپاتکردەوە، سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى کارى بۆ ئەوە کردووە ئەو پێگەو شوێن و ناوچانەى بۆ دابینکردنى زەوى تەرخانى دەکات، گرفت بۆ فەرمانبەران دروست نەکات و شوێنەکانیان زۆر دوور نەبێت.

ئەگەر زەوى لە ماستەرپلان دا نەمێنێت

هاوکات، دەختى لەوەشکردەوە، لە حاڵەتێک دا ئەگەر زەوى لە چوارچێوەى ماستەر پلانى شارەوانی دا نەما، ئەوکات شارەوانیی پەنا بۆ فراوانکردنى ماستەرپلانى شار دەبات و زەوى دیکە تەرخان دەکرێت.

شارەوانى: هەتاوەکو یەک فەرمانبەر بمێنێت زەوى دەدرێتێ

ئەوەشى ڕوونکردەوە، هەتاوەکو یەک فەرمانبەر لە سنوورى سلێمانی دا مابێت زەوى بۆ تەرخان دەکرێت بەگوێرەى مەرج و ڕێنماییەکانى ئەنجوومەنى وەزیران، ئەوا سەرۆکایەتى شارەوانى زەوى بۆ تەرخان دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەى نوسراوى سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە 242 کە لە 27ى ئازارى 2024 دەرکرا، بڕیاردرا هەموو ئەو فەرمانبەرانەى سوومەند نەبوون، زەوی 200 مەتریان پێبدرێت و هەر فەرمانبەرێک لە هەشت خاڵ زیاتر هەبێت سوودمەند دەبێت لەوەرگرتنى پارچە زەوییەک.