عێراق ڕیزبەندی شەشەمی گرتووە لە هەناردەی نەوت بۆ ئەمریکا

بۆرى هێڵى نەوتى عێراق لەناو خاکى تورکیا
بۆرى هێڵى نەوتى عێراق لەناو خاکى تورکیا

کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، عێراق ڕیزبەندی شەشەمی گرتووە لە نێوان ئەو وڵاتانەی زۆرترین نەوتی خاویان هەناردەی ئەمریکا کردووە هەفتەی ڕابردوو.

100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێک دا

بەگوێرەی ئەو داتایانەی کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو زیادیکردووە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر و گەیشتووەتە 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەوەش لە کاتێک دا لە هەفتەی پێشووتر ڕۆژانە 76 هەزار بەرمیل بووە و بە ڕێژەی 31.6% هەناردە زیادیکرووە.

کەنەدا چەندەمى ڕیزبەندییەکەیە

کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کەنەدا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی هەناردەکار دێت بە 4 ملیۆن و 76 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا، لە دوای ئەویش فەنزوێلا بە 588 هەزار بەرمیل، پاشان کۆڵۆمبیا بە 164 هەزار بەرمیل، و سعوودیە لە پلەی چوارەم بە 154 هەزار بەرمیل دێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا بەرازیل لە پلەی پێنجەمدایە بە 109 هەزار بەرمیل، و عێراق بە پلەی شەشەم دێت بە 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و دواتر نەیجیریا بە 87 هەزار بەرمیل، مەکسیک 71 هەزار بەرمیل و ئیکوادۆر 64 هەزار بەرمیل هاتووە.