ئیستانبوڵ لە لەندەن گرانترە؛ سەبەتەیەکی خۆراک لە تورکیا 36 دۆلار گرانترە وەک لە بەریتانیا
ڕۆژنامەنووسێکی بەریتانی بەراوردکارییەک لە نێوان نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانە لە تورکیا و بەریتانیا دەکات و دەڵێت، تێچووی خۆراک لە ئیستانبوڵ ئاستی لەندەنی تێپەڕاندووە.
بەراوردکاریى نرخەکان لە نێوان دوو شاردا
لیزی پۆرتەر، ڕۆژنامەنووسی بەریتانی و پەیامنێری گۆڤاری زە ناشناڵ، بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ بەراوردکردنی نرخی کاڵاکان لە مارکێتەکانی ئیستانبوڵ و لەندەن ئەنجامداوە. پۆرتەر بەراوردکارییەکەی لە نێوان سەبەتەیەکی پێکهاتوو لە 19 بەرهەم و پێداویستیی سەرەکیی ڕۆژانە کردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بژێوی و دابینکردنی خۆراک لە ئیستانبوڵ گرانترە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.
جیاوازیى تێچووی سەبەتەی خۆراک
بەپێی ئەنجامەکانی بەدواداچوونەکە، تێچووی ئەو سەبەتەیەی لە ئیستانبوڵ ئامادەکراوە بڕی 4,425 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 96 دۆلاری ئەمریکی. لە بەرامبەردا، هەمان سەبەتە بە هەمان پێکهاتەوە لە مارکێتێکی لەندەن نرخەکەی نزیکەی 60 دۆلارە. ڕۆژنامەنووسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنانەت ئەگەر سەبەتەکە لە گرانترین زنجیرە مارکێتەکانی لەندەنیش بکڕدرێت، تێچووەکەی 74 دۆلارە، کە هێشتا 22 دۆلار لە ئیستانبوڵ هەرزانترە.
ئەو کاڵایانەى نرخەکانیان بەرزە
بەپێی گوتەی پۆرتەر، گۆشتی سوور و قاوەی ئامادەکراو ئەو بەرهەمانە بوون کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی سەبەتە خۆراکەکە لە تورکیا هەبووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەندێک بەرهەمی وەک ڕۆنی زەیتوون نرخەکەی هاوشێوەی بەریتانیایە، بەڵام هەندێک بەرهەمی دیکەی وەک هێلکە، شیر و پیاز تاوەکو ئێستا لە تورکیا بە هەرزانی ماونەتەوە.
داهات و مووچە لە تورکیا
ڕۆژنامەنووسە بەریتانییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشە سەرەکییەکە تەنیا گرانیی نرخەکان نییە، بەڵکو نزمبوونی ئاستی داهاتە. پۆرتەر دەڵێت، لە کاتێکدا نرخەکان لە تورکیا گەیشتوونەتە ئاستێکی هاوشێوە یان بەرزتر لە بەریتانیا، بەڵام ئاستی داهات و مووچەکان لە تورکیا زۆر نزمترن، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی بۆ دانیشتووانی وڵاتەکە دروست کردووە.
18/05/2026