دەوڵەت باخچەلى: پێشنیاز دەکەم نازناوى هەماهەنگیکارى پڕۆسەى ئاشتى بدرێتە ئۆجەلان
سەرۆکى مەهەپە وردەکاریى نوێ لەبارەى داهاتووى پڕۆسەى ئاشتى و ڕۆڵى عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەکەکە ئاشکرا دەکات.
پێشنیازى نازناوێکى نوێ بۆ ئۆجەلان
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تورکگون ڕایگەیاند، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە چەکداری، پێشنیاز دەکات نازناوی "هەماهەنگیکاری پڕۆسەی ئاشتی و کاری سیاسی" بدرێتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان. باخچەلی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم نازناوە بەو مەرجەیە کە سزای زیندانییەکەی ئۆجەلان وەک خۆی بمێنێتەوە و گۆڕانکاری تێدا نەکرێت.
ڕۆڵى ئۆجەلان لە پڕۆسەى چەکداناندا
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە دامەزرێنەری ڕێکخراوەکە خۆی سەرپەرشتیی پڕۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی پەکەکە بکات، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستێوەردانی دەرەکی و دروستبوونی فرەدەنگی لە ناو ڕێکخراوەکەدا بکرێت. باخچەلی ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئۆجەلان بەم نازناوە نابێتە نوێنەری کورد یان بەرگریکار لە مافە نەتەوەییەکان، بەڵکو تەنیا وەک هەماهەنگیکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە چەک کار دەکات.
قۆناغى بنبڕکردنى تیرۆر و دیموکراسى
بە گوتەى دەوڵەت باخچەلی، تورکیا گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ بۆ بنبڕکردنی تیرۆر و پێویستە لە ڕێگەی میکانیزمێکی یاسایی و سیاسییەوە ئەم دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و برایەتی لە وڵاتدا بقۆزرێتەوە. ناوبراو پێی وایە پڕۆسەکە لە ئێستادا لە قۆناغى بوون بە ڕاستیدایە و هەنگاوەکان بەرەو ئامانجەکە دەڕۆن.
کڕۆنۆلۆژیاى پڕۆسەى نوێى ئاشتى
پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات. لە ڕۆژی 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری ڕاگەیاند. لە دوای ئەم هەنگاوە، پەکەکە لە 12ـهەمین کۆنگرەی خۆیدا لە نێوان 4 بۆ 5ـی ئایاری 2025، بڕیاری فەرمیى کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی خۆی دا.
18/05/2026