نەخۆشخانەی هیوا ئاپێکی نوێی بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانی چارەخواز دروستکرد

گران جاف 18/05/2026
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا

نەخۆشخانەی هیوا لە ڕێگەی دروستکردنی ئاپێکەوە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ چارەخوازەکانی دەکات و یارمەتیی پزیشکان دەدات باشترین چارەسەرەکان بۆ چارەخوازەکانیان بەکاربهێنن.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، باسی لە نوێترین ئاپڵیکەیشن کردووە کە نەخۆشخانەکە بۆ خەزنکردنی زانیارییە پزیشکییەکانی چارەخوازان بەکاریدەهێنن.

زۆرینەی ئەو کەسانەی شێرپەنجەیان هەیە، چەندین چارەسەری جۆراوجۆریان بۆ دەکرێت، ئەم چارەسەرانەش کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر تەندروستیی کەسەکە.

کاتێک ئەم چارەخوازانە سەردانی هەر پزیشکێک دەکەن، پێویستە پزیشکەکەیان لە نەخۆشییەکەیان و لەو چارەسەرانەش ئاگادار بکەنەوە کە بۆیان کراوە پێشتر، چونکە ئەم زانیارییانە ڕۆڵیان هەیە لەو بڕیارانەی پزیشکەکە لەسەر تەندروستی و چارەسەرەکانی چارەخوازەکە دەیاندات.

بەهۆی زۆری و ئاڵۆزیی ناوی چارەسەر و نەخۆشییەکان، هەندێجار چارەخواز خۆشی نازانێت چی بۆ کراوە، تەنانەت هەندێجار نازانێت چ نەخۆشییەکیشی هەیە، چونکە لە زمانی کوردیدا ناوی نەخۆشییەکان گشتگیرترن، بۆ نموونە چارەخوازێک لەوانەیە تەنیا ئەوە بزانێت کە شێرپەنجەی خوێنی هەیە، بەڵام شێرپەنجەی خوێن چەندین جۆری جیاوازی هەیە و دەکرێت هەر یەکێکیان پێویستیان بە مامەڵەی زۆر جیاواز هەبێت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، لە نەخۆشخانەی هیوا ئاپڵیکەیشنێک دروستکراوە تایبەت بەو چارەخوازانەی لە نەخۆشخانەکەدا کۆدیان هەیە، تیایدا مێژووی چارەخوازەکە بە تەواوی تۆمارکراوە، بۆ نموونە جۆری نەخۆشییەکەی، ئەو پشکنینانەی بۆی کراون، هەموو ئەو چارەسەرانەی بۆی کراون، لە چ کاتێکدا بووە و چ جۆرێک بوون.

بەم شێوازە ئەگەر چارەخوازەکە سەردانی هەر نەخۆشخانەیەکی دیکە بکات، یان سەردانی دەرەوەی وڵات بکات بە مەبەستی چارەسەر، دەتوانێت ئەم ئاپلیکەیشنە پیشانی پزیشکەکان بدات، بەم شێوازە پزیشکەکە بەرچاوڕوونییەکی تەواوی دەبێت لەسەر حاڵەتی کەسەکە و بە ڕەچاوکردنی هەموو وردەکارییەکان، باشترین چارەسەر هەڵدەبژێرێت.

لەم ڕێگەیەوە چیدی چارەخواز زانیارییەکانی لەسەر وەرەقەیەک نییە و ونی ناکات، بەڵکو لەسەر هەژمارەکەی دەمێنێتەوە و لە هەموو شوێنێک لەگەڵی دەبێت.

د. یاد نەقشبەندی باسی لە گرنگیی سیستمی دیجیتاڵیی نەخۆشخانەکەش کرد و گوتی"ئەم سیستمە دیجیتاڵییە بووەتە کارئاسانییەکی زۆر بۆ نەخۆشخانەکەش، چونکە هەموو نەخۆشخانەیەک پێویستە زانیارییەکانی چارەخوازەکانی هەڵبگرێت و پێشتر لە ڕێگەی وەرەقە و فایلەوە دەکرا، تەنیا لە سیستمی دیجیتاڵیی نەخۆشخانەی هیوادا 60 ملیۆن ڕیکۆرد هەن، ئەگەر هەموو ئەم زانیارییانە لەسەر وەرەقە بوونایە، دەبوو بەشێکی زۆری ژوورەکانی نەخۆشخانەکە بۆ هەڵگرتنی فایل تەرخان بکرایە، بەڵام ئەم سیستمە دیجیتاڵییە ئەم ئاسانکارییەی بۆ کردوون و ئەگەری ونبوونی زانیاریی هیچ چارەخوازێکیشی نەهێشتووەتەوە".

گران جاف

18/05/2026