نێچیرڤان بارزانی لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا لیۆى 14یەم کۆبووەوە و بە فەرمی بانگهێشتی هەرێمی کوردستانی کرد

کەناڵ8 18/05/2026
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ،پاپا ليۆى 14یەم، پاپای ڤاتیکان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ،پاپا ليۆى 14یەم، پاپای ڤاتیکان

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپاى نوێ کۆبووەوە و جەختی لە پاراستنى مافى پێکهاتە ئایینییەکان و پەرەپێدانى کولتووری پێکەوەژیان کردەوە.

دیدارى نێچیرڤان بارزانى و پاپا لیۆى 14یەم

پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان لەلایەن قەداسەتی پاپا ليۆى 14یەم، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازیی لێکرا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، پاپاى ڤاتیکان خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە دەربڕیوە و ستایشی قووڵی کولتووری لێبووردەیی و پێکەوەژیانى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كردووە.

پێگەی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، کریستیانەکان و هەموو پێکهاتە ئایینییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و شوناسی هەرێمی کوردستان و بەشدارن لە داڕشتنی داهاتوودا. سەرۆکى هەرێم جەختی کردەوە کە پاراستنی ماف، کەرامەت و ئامادەیی ئاشتییانەی کریستیانەکان لە نیشتمانی باوباپیرانیاندا هەمیشە بە ئەرکی سەرەکیی خۆیان دەزانن.

بانگهێشتکردنی پاپا بۆ سەردانی عێراق

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی دیدارەکەدا، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی پێشکێشی قەداسەتی پاپا کرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها نێچیرڤان بارزانی بە سوپاسەوە سەردانی مێژوویی پاپا فرانسیسی کۆچکردووی بیرهێنایەوە و پێزانیى قووڵى بۆ سەرکردایەتیی ئڤاتیکان لە پەرەپێدانی دیالۆگی جیهانیدا دەربڕی.

بارودۆخی ناوچەکە و پاراستنی لێقەوماوان

لە تەوەرێکی ديكەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و هەردوولا هیوایان خواست ئاشتی و سەقامگیری بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتەدی. پاپا لیۆى 14یەم ڕۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا بەرز نرخاند.

کەناڵ8

18/05/2026