ئەمنست ئینتەرناشناڵ: لەسێدارەدان لەماوەى 44 ساڵدا 78% زیادیکردووە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە جیهان دا 78% زیادی کردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ساڵی 1981ەوە. ئاماژە بەوەشدەکات چین، ئێران و سعوودیە زۆرترین سزای لە سێدارەدان جێبەجێ دەکەن.

ڕاپۆرتى 2025ى ڕێکخراوەکە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، ڕاپۆرتی ساڵی 2025 لە بارەی سزای لە سێدارەدان و جێبەجێکردنی سزاکە بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لە 2025دا، دوو هەزار و 707 کەس لە 17 وڵات لەسێدارەدراون، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە دوای ساڵی 1981ەوە تۆمارکرابێت.

لەسێدارەدان لە 78% زیادیکردووە

ئاماژە بەوەشکراوە، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 78% زیادی کردووەو ئەمەشی بۆ ژمارەیەکی کەم لەو وڵاتانە گەڕاندووەتەوە کە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی چاوترسێنکردن بەکاردەهێنن.

2159 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون

لە کۆی دوو هەزار و 707 کەس کە لە 2025دا لەسێدارەدراون، لانیکەم دوو هەزار و 159 کەسیان لە ئێران بووە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەمە بە مانای هەڵکشانی زیاتر لە دوو هێندەی سزاکانی لەسێدارەدانە لە ئێران بەراورد بە 2024. هاوکات لە سعوودیە لانیکەم 356 سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراوە.

لە ئەمریکا لە 35 کەس بەرزبووەتەوە بۆ 47 کەس

لە 2025دا بەراورد بە 2024، لە سێدارەدان لە ئەمریکا لە 35ەوە بۆ 47، لە سینگاپوور لە نۆوە بۆ 17، لە میسر لە 13ەوە بۆ 23 و لە کوەیت لە شەشەوە بۆ 17 بەرزبووەتەوە. هاوکات وڵاتانی دیکە کە لە هەمان ساڵدا سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کردووە بریتی بوون لە هەریەک لە ئەفغانستان، عێراق، ژاپۆن، یەمەن، کۆریای باکوور، سۆماڵ، باشووری سوودان، تایوان، ئیمارات و ڤێتنام.

داتا و ئامارەکان چینى تێدانییە

ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەو ژمارانەی باسکراون هیچ داتایەکی وڵاتی چینی تێدانییە، چونکە لە چین زانیارییەکانی لەسێدارەدان وەک نهێنیی دەوڵەت سەیر دەکرێن. ڕێکخراوەکە مەزەندەی کردووە، چین زۆرترین سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا جێبەجێ بکات و ساڵانە هەزاران کەس لەو وڵاتەدا لەسێدارە دەدرێن.