فلیک دوو داواکاریی لە بەرشلۆنە هەیە
هانسی فلیکی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، دوو داواکاریی لە بەرپرسانی یانەکەی هەیە، دەیەوێت بە زووترین کات بۆی جێبەجێبکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، هانسی فلیک داوای لە بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنە کرد، بەزووترین کات هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی هێرشبەرێک بۆ شوێنی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەستپێبکەن، ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە دەیەوێت لە ڕێگەی هێرشبەرێکی بەتواناوە، وەرزی داهاتوو لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بە بەهێزی کێبڕکێ بکات.
هاوکات ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، فلیک لەگەڵ دیکۆی بەرێوەبەری وەرزشیی بەرشلۆنە قسەی کردووە، داوای لێکردووە گرێبەست لەگەڵ بەرگریکارێکی بە ئەزمووندا ئەنجامبدات، واز لە گواستنەوەی باستۆنی بهێنێت، ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی ئەو بەرگریکارە ئیتاڵییە دەدەن.
ئامارەکانی هانسی فلیک
هانسی فلیک هاوینی ساڵی 2024، دوای دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز، پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەی بەرشلۆنەی گرتەدەست، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 114 یاریی سەرپەرشتی بەرشلۆنەی کردووە، 87 یاریی بردووەتەوە، 10یاریی یەکسان بووە، 17 یاریی دۆڕاندووە.
18/05/2026