وەزارەتی نەوت: هەناردەی نەوت لە مانگی نیساندا نزیکەى 10 ملیۆن بەرمیل بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئامار و داتای هەناردەی نەوتی بۆ مانگی نیسانی ڕابردوو بڵاوکردەوە و بەگوێرەی داتاکە، عێراق لە مانگی نیساندا، 9 ملیۆن و 884 هەزار و 130 بەرمیل نەوتی هەناردە کرووە، کۆی داهاتی بە دەستهاتووش، یەک ملیار و 87 ملیۆن و 82 هەزار دۆلار بووە.

4 ملیۆن لە باشوور و 339 هەزار بەرمیل لەڕێگەى هەرێمەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق کە پشتی بە داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ بەستووە، دەڵێت، 4 ملیۆن و 587 هەزار و 610 بەرمیل نەوت لە باشووری عێراقەوە لە ڕێگەی بەندەرەکانی بەسڕەوە هەناردە کراوە و 339 هەزار 64 بەرمیل نەوتیش لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگای بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکراوە.

کۆى هەناردەى نەوت

وەزارەتەکە دەشڵێت، بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، 4 ملیۆن و 957 هەزار و 456 بەرمیل بووە، بەمجۆرەش کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی نیساندا 9 ملیۆن و 884 هەزار و 130 بەرمیل بووە و بەڕێژەی 95% بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم و پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەگەڵ ئێران کەمیکردووە، کە نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوتی مانگانە بووە.

10 بۆ 15 هەزار بەرمیل لەڕێگەى هەرێمى کوردستانەوە

سەبارەت بەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی نیساندا هەناردەکراوە، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "ڕۆژانە لە نێوان 10 تاوەکو 15 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای نەوتی باکورەوە بۆ بەندەری جەیهان ڕەوانەکراوە و هۆکاری ئەم بڕەشی بۆ دەستپێنەکردنەوەی بەرهەمهێنان لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاندووەتەوە کە لە دەستپێکی جەنگەوە کشاونەتەوە"