ترەمپ: ئێران خۆشی ڕادەست بکات میدیای چەواشە وەک سەرکەوتن باسی دەکات
جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هێرشیکردەوە سەر چەند میدیایەکی وڵاتەکەی و گاڵتەش بە دیموکراتەکان دەکات، دەڵێت، ئەگەر ئێران بە تەواوی و بەبێ مەرج خۆشی ڕادەست بکات، ئەو میدیایانە بە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ ئێران باسی دەکەن.
ترەمپ: ئێران دەبێت خۆى بەدەستەوە بدات و واژۆى بکات
ترەمپ، لە تۆڕی ترووس نووسیوێتی: "ئەگەر هەموو هێزی دەریایی ئێران لەناوبچێت و سەرجەم کەشتییەکانیان نوقم بکرێن، هێزی ئاسمانییان نەمێنێت و تەواوی سوپاکەشیان چەک فڕێبدەن و ئاڵای سپی هەڵبکەن و خۆیان ڕادەست بکەن، ئەگەر سەرکردەکانیان هەموو بەڵگەنامەکانی خۆبەدەستەوەدان واژۆ بکەن و دان بە شکستیاندا بنێن، هێشتا نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو، چاینا ستریت جۆرناڵ "کە مەبەستی وۆڵ ستریت جۆرناڵە"، CNNـی گەندەڵ و بێبایەخ و هەموو میدیا ساختەکان بە مانشێتی گەورە دەنووسن: ئێران سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر ئەمریکادا بەدەستهێنا".
دیموکراتەکان یان دۆماکراتەکان
سەرۆکی ئەمریکا تەنیا بە میدیاوە نەوەستاوە، بەڵکو هێرشدەکاتە سەر دیموکراتەکانیش، تەنانەت توانج لە ناوی پارتەکەش دەدات و لە بری دیموکراتەکان، بە دوماکراتەکان وەسفیان دەکات و دەڵێت: "لەگەڵ میدیا بە تەواوی ڕێگەی خۆیان ون کردووە و عەقڵیان لەدەستداوە".
18/05/2026