ڕودیگێر و میلیتاو نیازی ڕۆیشتنیان نییە
ئەنتۆنیۆ ڕودیگێر و ئیدێر میلیتاوی بەرگریکارانی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی، نایانەوێت لە گواستنەوەی هاوینەدا ڕیزەکانی یانەی شاهانە بەجێبهێڵن، لە یانەیەکی دیکە درێژە بە یاریی کردن بدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، بەرپرسانی یانەی ڕیاڵ مەدرید بڕیاریانداوە، ئەنتۆنیۆ ڕودیگێر لە ڕیزەکانی یانەکەیان بهێڵنەوە بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە گرێبەستی بەرگریکارە ئەڵمانییەکە نوێبکەنەوە.
هاوکات ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، ئیدێر میلیتاو بەرگریکاریش، ئامادە نییە لە گواستنەوەی هاوینەدا پەیوەندی بە هیچ یانەیەکەوە بکات، ئامانجی ئەوەی وەرزی داهاتوو لە ڕیاڵ مەدرید درێژە بە یاریی کردن بدات، جارێکی دیکە پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا بەدەستبهێنێتەوە.
ماوەی دوو وەرزە ڕیاڵ مەدرید نەیتوانیوە هیچ نازناوێک بەدەستبهێنێت، کۆتایی ئەم وەرزەش هەریەکە لە داڤید ئالابا و دانی کارڤاخال یانەکە بەجێدەهێڵن، یانەی شاهانەش لە ئێستاوە بەدوای شوێنگرەوەی گونجاودا دەگەڕێت بۆ شوێنی ئەو بەرگریکارانەوە، پێشبینی دەکرێت لەگواستنەوەی هاوینەدا یانەکە چەند گرێبەستێکی گرانبەها بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی تیمەکەی ئەنجامبدات.
18/05/2026