فالح ساری: عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی سەختی دارایی بووەتەوە

وەزیرى دارایی عێراق، ئاشکرای دەکات، بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەوە، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی دارایی بوونەتەوە، داوای پەسەندکردن و هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک دەکات، لەپێناو ئەنجامدانی چاکسازی و بەهێزکردنی تواناکانی دەوڵەت.

کۆبوونەوەى وەزیرى دارایی و سەرۆکى پەرلەمان

وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە، فالح ساری، وەزیرى دارایی، سەردانی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە و گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە دۆخی دارایی و ئابووری کردووە.

ئاڵنگاریی دارایی

فالح ساری ڕایگەیاندووە، "عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی دارایی زیاتربووەتەوە، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی پەیوەندیدارن بە بازاڕی وزە و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و پاشەکشەکردنی داهاتەوە".

پابەندییە داراییەکان

دەشڵێت، ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە، پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و پاڵپشتیکرنی ئەو ڕێکارانەیە، کە دەتوانێت پابەندییە داراییەکانی دەوڵەت گرەنتی بکەن.

هەموارکردنەوەى یاساکان گرنگە

بە گوتەی وەزیرى دارایی عێراق، پێویستیان بە تێپەڕاندن و هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا هەیە، تاوەکو هاوکاریان بێت لە چاکسازییە داراییەکان و بەهێزترکردنی توانای دەوڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە داراییەکان.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، پاڵپشتیی ئەنجوومەنەکەی بۆ وەزارەتی دارایی دەربڕیوە، لەپێناو جێبەجێکردنی چاکسازیی دارایی و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە داراییە ئاڵۆزەی عێراقی تێکەوتووە.