34 ساڵ بەسەر یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تێدەپەڕێت

کەناڵ8 19/05/2026
زۆرینەی دەنگەکان لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەدەستهات
زۆرینەی دەنگەکان لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەدەستهات

ئەمڕۆ یادى 34 ساڵەى یەکەم ئەزموونى دیموکراسییە لە هەرێمى کوردستان کە تێیدا سیستمی حکومڕانی لە بەرەی کوردستانییەوە گۆڕا بۆ دامەزراوەى پەرلەمانى و تاوەکو ئێستا شەش خولی جیاوازى بەڕێکردووە.

چیرۆکی یەکەم هەڵبژاردن و سیستمی 50 بە 50

ڕۆژی 19-5-1992 یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی 967,229 دەنگدەر بەڕێوەچوو. بەگوێرەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992، بەربەستی 7% بۆ لیستەکان دیاریکرا، بەڵام تەنیا پارتی و یەکێتی توانییان ئەو بەربەستە بشکێنن. لە کۆی 105 کورسی، 100 کورسی بۆ پارتی و یەکێتی و 5 کورسی بۆ پێکهاتەی کریستیان تەرخانکرا. لە 4-6-1992 جەوهەر نامیق وەک یەکەم سەرۆکی پەرلەمان و فوئاد مەعسوم وەک یەکەم سەرۆکوەزیران هەڵبژێردران.

ئەنجامی دەنگی پارتەکان لە یەکەم هەڵبژاردندا

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کۆی دەنگە دروستەکان 971,953 دەنگ بووە و بەم شێوەیە بەسەر لیستەکاندا دابەش بوون:

پارتی دیموکراتی کوردستان: 437,889 دەنگ (45.5%).

یەکێتیی نیشتمانی و زەحمەتکێشان: 423,833 دەنگ (43.61%).

لیستی ئیسلامییەکان: 49,108 دەنگ (5.5%).

لیستی یەکگرتن (سۆشیالیست و سەربەخۆیی): 24,882 دەنگ (2.56%).

یەکێتی دیموکرات (شیوعی و بێلایەنەکان): 21,123 دەنگ (2.17%).

پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان: 9,903 دەنگ (1.02%).

لیستی سەربەخۆی دیموکراتەکان: 501 دەنگ (0.05%).

خولى یەکەم؛ درێژترین خولی پەرلەمانى (1992 - 2005)

ئەم خولە لە 19-5-1992 هەڵبژێردرا و تاوەکو 4-6-2005 بەردەوام بوو. تەمەنی ئەم خولە 13 ساڵ بوو، چوار جار تەمەنی خۆی درێژ کردەوە و 9 ساڵ لە تەمەنی یاسایی خۆی لایدا. جەوهەر نامیق، ڕۆژ نوری شاوەیس و کەمال فوئاد سەرۆکایەتییان کردووە. لەم خولەدا 169 پەرلەمانتار ئەندام بوون و 172 یاسا و 118 بڕیاری یاسایی دەرکران.

خولەکانى دووەم و سێیەم (2005 - 2013)

خولی دووەم لە 30-1-2005 هەڵبژێردرا، عەدنان موفتی سەرۆکایەتی کرد و 88 یاسای دەرکرد. دواتر خولی سێیەم لە 25-7-2009 هەڵبژێردرا، کە تێیدا کەمال کەرکووکی و ئەرسەلان بایز سەرۆکایەتییان کرد. لەم خولەدا بەهۆی دواکەوتنی دانیشتنی یەکەم، هەرێم بۆ ماوەی 6 ڕۆژ لە بۆشایی یاساییدا مایەوە و خولەکەش 76 یاسای پەسەند کرد.

خولی چوارەم و پێنجەم؛ پەککەوتن و هەڵوەشاندنەوە

لە خولی چوارەمدا (2013-2018) پەرلەمان بۆ ماوەی 2 ساڵ داخرا و ڕێگری لە یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان کرا. خولی پێنجەمیش (2018-2023) کە ڤالا فەرید و ڕێواز فایەق سەرۆکایەتییان کرد، بەهۆی بڕیارێکی دادگای فیدراڵیی عێراقەوە درێژکردنەوەی تەمەنی بە نایاسایی دانرا و خولەکە هەڵوەشایەوە.

خولی شەشەم و هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوە

هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە 20-10-2024 ئەنجامدرا و لە 2-12-2024 یەکەم دانیشتنی پەرلەمان کرا. تاوەکو ئێستا کە ساڵێک و 5 مانگ بەسەر یەکەم دانیشتندا تێپەڕیوە، کۆبوونەوەکە بە کراوەیی ماوەتەوە. ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دەستپێشخەریی لایەنەکان بەتایبەت یەکگرتووی ئیسلامی بەردەوامە بۆ ڕازیکردنی یەکێتی و پارتی تاوەکو پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

کەناڵ8

19/05/2026