داهات 4 تریلیۆن و مووچە 8 تریلیۆنە؛ ئایا عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان دەست بۆ یەدەگە 100 ملیار دۆلارییەکە دەبات؟

بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوت و کێشە جیۆپۆلەتیکییەکان، عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بووەتەوە و بۆ دابینکردنی مووچە پەنا بۆ قەرزکردن دەبات.

هەستیاریی دەستبردن بۆ یەدەگی نەختینەیی

بابەتی دەستبردن بۆ یەدەگی دراوی بیانیی عێراق یەکێکە لە هەستیارترین پرسە ئابوورییەکان. بەگوێرەی یاسای بانکی ناوەندی، ئەم یەدەگە تەنیا بۆ پاراستنی بەهای دینار و سەقامگیریی ئابوورییە. بەکارهێنانی ئەم پارەیە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە یاخود پێدانی مووچە بەگوێرەی پێوەرەکان ڕێگەپێدراو نییە و پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی و هەموارکردنەوەی یاساکان هەیە. لە ئێستادا یەدەگی عێراق لە سەرووی 100 ملیار دۆلارەوەیە و بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمارکردووە.

کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەسەر ئابووری

جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران و مەترسیی داخستنی گەرووی هوورمز کێشەی دارایی و نەختینەی بۆ عێراق دروستکردووە. کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، ڕووبەرووى چەندین ئاڵنگاریی ئابوورى بووەتەوە بە تایبەتی لە کەرتەکانی دارایی و وزە. بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتى نەوت، حکومەت داواى قەرزى لە سندوقى نەختینە و بانکى نێودەوڵەتیی کردووە تاوەکو بەشێک لە کێشە داراییەکانى چارەسەر بکات.

کەڵەکەبوونی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان

بەهۆی گرفتی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە، حکومەت بۆ دابینکردنی مووچە پەنای بۆ قەرزی ناوخۆیی بردووە. تەنیا لە 4 مانگى یەکەمى ئەمساڵدا 10 تریلیۆن و 500 ملیار دینار قەرز کراوە. لە ئێستادا کۆی قەرزى ناوخۆیی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 96 تریلیۆن و 629 ملیار دینار، هاوکات بڕى 10 ملیار و 75 ملیۆن دۆلار قەرزى بیانیشى لەسەرە کە بە دینار دەکاتە زیاتر لە 13 تریلیۆن دینار. ئەم قەرزانە ساڵانە سوودى بانکییان دەچێتە سەر و بارگرانیى دارایی گەورە دروست دەکەن.

جیاوازیی بەهای دینار و بازاڕ

پرسى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار یەکێکی دیکەیە لە ئاڵنگارییەکان. لە کاتێکدا بانکى ناوەندی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام لە بازاڕەکاندا نرخەکەی دەگاتە 154 هەزار دینار. ئەم جیاوازییەی کە 22 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک، بووەتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان و دروستکردنی بارگرانی بۆ ژیانی هاوڵاتییان.

کورتهێنانی بودجەی مووچە

لە عێراقدا 9 ملیۆن و 200 هەزار کەس مووچە و مینحە لە حکومەت وەردەگرن، کە پێکهاتوون لە 4 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر، 3 ملیۆن خانەنشین و 1 ملیۆن و 700 هەزار کەسی ناو تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى. مانگانە حکومەت پێویستی بە 8 تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵام لە ئێستادا داهاتی حکومەت بۆ 4 تریلیۆن دینار دابەزیووە. بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە، حکومەت ناچارە پەنا بۆ ڕێگاکانی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی ببات.