ئەڵمانیا سیستمی پاتریۆت و سەرباز لە تورکیا جێگیر دەکات

وێنەی سیستمێکی مووشەکی پاتیرۆت لە تورکیا
وێنەی سیستمێکی مووشەکی پاتیرۆت لە تورکیا

لەگەڵ بەڕێوەچوونی سێیەم کۆبوونەوەی میکانیزمی دیالۆگی ستراتیجیی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا، بەرلین ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی ناتۆدا، تا کۆتایی مانگی حوزەیران، یەکەیەکی بەرگریی پاتریۆت و 150 سەرباز لە تورکیا جێگیر دەکات.

وەک ئاماژەیەک بۆ بەرگری لە باڵی باشووری ناتۆ

لەو چوارچێوەیەدا هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە لە ڕێگەی جێگیرکردنی سیستمی مووشەکیی پاتریۆت و هێزێک لە بەرگریی ئاسمانی، پشتیوانیی لە توانای بەرگریی باڵی باشووری ڕۆژهەڵاتی ناتۆ لە تورکیا دەکەن.

سیستمەکە 150 سەربازی لەگەڵدا دەبێت

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا، پێشبینی دەکرێت جێگیرکردنی پاتریۆتەکە و هێزەکە کە لە 150 سەرباز پێکدێن، تا مانگی ئەیلوول بەردەوام بێت و هێزە ئەڵمانییەکە شوێنی یەکەیەکی ئەمریکی لە ناوچەکە دەگرێتەوە.

سیستمەکە لە فەیلەقی یەکی تایبەت بە مووشەکیی بەرگریی ئاسمانییەوە لە ناوچەی هوسومی ئەڵمانیا دەبرێتە تورکیا.

چالاککردنەوەی سیستمی پاتریۆت دوای 12 ساڵ

جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت و هێزی سەربازی ئەڵمانی لە چوارچێوەی ناتۆدا لە تورکیا، پاش بەڕێوەچوونی سێیەم کۆبوونەوەی میکانیزمی دیالۆگی ستراتیجیی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا دێت کە دوای 12 ساڵ لە دابڕان چالاککرایەوە.

کۆبوونەوەی هەردوو وەزیرانی دەرەوە

سێیەم کۆبوونەوەی میکانیزمی دیالۆگی ستراتیجیی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا دوێنێ 18ی ئایار، بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یۆهان ڤادیپۆل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

دیالۆگی ستراتیجی ڕێگە بە هەردوو وڵات دەدات، سەرنج بخەنە سەر بابەتە ستراتیجییەکان بەتایبەت بوارەکانی ئاسایش و بەرگری. 

لای خۆیەوە، بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی بەرپرسیارێتیی زیاتر لە ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ناتۆ، لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا دەگرێتە ئەستۆ.

چەند سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە تورکیا هەن؟

پاش هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا و دوای ئەو مووشەکانەی ئاڕاستەی باشووری تورکیا کران کە بنکەی سەربازیی ئینجیرلیکی لێیە، لە مانگی ئازاردا وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرایکرد، دوو سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە هەریەک لە ئەدەنە لە بنکەی سەربازیی ئینجیرلیک و لە مەڵەتی باکووری کوردستان جێگیرکراون.

هەر ئەو کاتە، ئاماژە بەوەدرا سیستمەکان لە بنکەی ئاسمانیی ڕامشتاینەوە لە ئەڵمانیا بۆ تورکیا گوازراونەتەوە.

بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ، تەنیا یەک سیستمی پاتریۆت لە تورکیا هەبوو. کە لەلایەن ئیسپانیاوە لە بنکەی ئینجیرلیک لە ئەدەنە جێگیرکرابوو.

یەکەم جێگیرکردنی سیستمەکە لە تورکیا

پاتریۆتەکان بۆ یەکەمجار لە کاتی جەنگی عێراق لە ساڵی 2023دا لەلایەن ئەمریکا، ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە لە تورکیا جێگیرکران. دوای نزیکەی دوو مانگ لە بەکارهێنان، لە وڵاتەکە کشێندرانەوە.

دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سووریا، لەسەر داوای تورکیا سیستمەکانی پاتریۆت لەسەر سنووری سووریا جێگیرکران.

لە ساڵی 2013دا، دوو پاتریی مووشەکیی ئەمریکا لە دیلۆک، دوو پاتریی دیکەی ئەڵمانیا لە مەڕەش کە هەردوو پارێزگاکە دەکەونە باکووری کوردستان دانران و دوو پاتریی موشەکیی هۆڵەنداش لە ئەدەنە جێگیرکران.

کشانەوەی سیستمی پاتریۆت لە تورکیا

لە ساڵی 2015دا، ئەمریکا و ئەڵمانیا پاتریۆتەکانیان لە تورکیا کشاندەوە و ڕایانگەیاند، ماوەی ئەرکیان لە وڵاتەکە درێژناکەنەوە. 

لە کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا، ئیسپانیا شوێنی هۆڵەندای گرتەوە. یەکەی پاتریۆتی ئیسپانی زیاتر لە 10 ساڵە لە ئەدەنە جێگیرە.

سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت چییە؟

پاتریۆت سیستمێکی پێشکەوتووی موشەکیی زەوی بۆ ئاسمانە بەمەبەستی بەرگریی دژی فڕۆکە، موشەکی کرووز و بالیستیکی دیزاین کراوە.

بەرهەمهێنانی سیستمەکە لە ساڵی 1980دا دەستیپێکرد. لە ساڵانی 1990-1991 دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە، بۆ یەکەمجار لە شەڕدا بەکارھێنرا.

بەڵام توانا و کارامەیی سیستمەکە لەو ئاستەدا نەبوو کە بانگەشەی بۆ دەکرا.

لەپاش ئەوە، پاتریۆتەکان چەندین جاری دیکە پەرەیان پێدراوە و لە ئێستادا خاوەنی تایبەتمەندیی ئاستبەرزی بەرگریین بە تایبەت دژی مووشەکی بالیستیکی.

سیستمی پاتریۆت لەلایەن کۆمپانیای ڕایسیۆن تێکنۆلۆجیس کە کۆمپانیایەکی ئەمریکییە، بەرهەم دەهێنرێت.