دواى 80 ڕۆژ بۆڕسەی ئێران کرایەوە

بۆڕسەى تاران
بۆڕسەى تاران

تەلەڤزیۆنى فەرمیى ئێران دەستپێکردنەوەی پڕۆسەى ئاڵوگۆڕى دراوەکانى لە بۆڕسەى وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش دواى 80 ڕۆژ لە ڕاگرتنى کارەکان دێت بەهۆى جەنگى هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بەو وڵاتە.

پشکى کەرتى بانکى و ئۆتۆمبێل خرایەڕوو

بەگوێرەى تەلەڤزیۆنى فەرمیى ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، لە بۆڕسەى ئێران تەنیا پشکى کەرتى بانکى و ئۆتۆمبێل خرایەڕوو و پشکى کۆمپانیا زەرەرمەندەکان لە جەنگ و پشکى کۆمپانیاکانى بوارى پیشەسازیى کیمیایى و کانزا سەرەکییەکان هێشتا نەخراوەتەڕوو.

جەنگى ئێران هۆکارى ڕاگرتن بووە

بە گوتەى حەمید یاری، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئێران، "ڕاگرتنی چالاکییەکانی بازاڕی دراو لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە لەپێناو پاراستنی سەروەت و سامانی خاوەن پشکەکان و ڕێگریکردن بووە لە لەناوچوونی سەروەت و سامانی بازرگانان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو".

ئاسانکارى بۆ بازرگانانى هەرێم دەکات

پێشتر جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند "کردنەوەی بازاڕی بۆرسەی تاران ئاسانکاریی بۆ بازرگانان و مامەڵەکارانی بازاڕی دراو دەکات، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا داخستنی بۆرسە و نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت گرفتی دروستکردبوو، بەجۆرێک بازرگانانی هاوردەکار یان هەناردەکاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیاندەتوانی بە ئاسانیی سیستمی پارەدانیان ڕێکبخەن، ناچار سیمکارتی ئێرەیان بەکاردەهێنا یان دەچوونە دەروازە سنوورییەکان و بەکاش پارەدانەکانیان ڕێکدەخست".

سیستمى حەواڵە کارادەبێتەوە

گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ڕوونیشیکردەوە:" بەکردنەوەی بازاڕە داراییەکانی ئێران سیستمی پارەدانی حەواڵە باشتر کارادەکرێتەوە و کاریگەریش لەسەر بەهای تمەن دادەنێت".