ئینتەر میلان سەرسامی ئاراوخۆ بووە

ڕۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاریی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، لە لایەن یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵییەوە گرنگی پێدەدرێت، پێشبینی دەکرێت ئەم هاوینە یانە ئیسپانییەکە دەستبەرداری بەرگریکارەکە ببێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی" ئیتاڵی، بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلان، لەسەر داوای کریستیان چیڤۆی ڕاهێنەر، دەیانەوێت لە گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ ئاراوخۆی بەرگریکاری یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی ئەنجام بدەن.

هاوکات ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، ئینتەر میلان 30 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە ئامادەکردووە، یانەی ئیتاڵییەکە دەیەوێت وەرزی داهاتوو هێڵی بەرگری یانەکەیان لە ڕێگەی گواستنەوەی ئەو یاریزانەوە زیاتر بەهێز بکات..

پێشبینی دەکرێت بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنە، بەم گرێبەستە ڕازیبن، بە پارەی فرۆشتنی ئەو بەرگریکارە لە گواستنەوەی هاوینەدا بەرگریکارێکی دیکە بۆ یانەکەیان بگوازنەوە.

ئامارەکانی ئاراوخۆ

ئاراوخۆی تەمەن 27 ساڵ، لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، بەشداریی 212 یاریی کردووە، 14 گۆڵ و حەوت ئەسیستی تۆمارکردووە.