عەلى زەیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ حەشدی شەعبی ئاڵۆزترین دۆسیەی بەردەم حکومەتەکەیەتى
کەمتر لە هەفتەیەکە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەستبەکاربووە، بەڵام چەندین دۆسیەی ئاڵۆزی ڕووبەڕوو بووەتەوە.
ئاڵنگارییەکانى بەردەم کابینەکەى زەیدى
گرنگترین ئاڵنگاریی بەردەم کابینەی زەیدی، تێکەڵکردنی حەشدی شەعبییە لەگەڵ سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە. ئەم هەنگاوەش وا بە سانایی تێناپەڕێت.
ئەمریکا ڕژدە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى حەشدى شەعبى
ئەمریکا جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکاتەوە، ئێرانیش بەربەسته لەبەردەم دەستبردن بۆ ئەو هێزە و بە بەشێکی سەرەکی لە بەرەی مقاوەمەی دادەنێت.
چەک لە دەستى دەوڵەت
زەیدی لە کارنامەی حکومەتەکەی، هەرچەندە جەختیکردووەتەوە، چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، بەڵام باس لە پەرەپێدانی توانای ئەندامانی حەشدی شەعبی و توانا سەربازییەکانی ئەو هێزە دەکات و ئەرک و بەرپرسیارتێیەکانیان بەگوێرەى یاسا دیاریی دەکات.
فشارەکانى ترەمپ بۆسەر سوودانى
ئەمریکا لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە، فشارەکانی لەسەر کابینەی حکومەتەکەی سوودانی چڕکردەوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات، لە ماوەکانی ڕابردووشدا ڕێگری لە دەرچوونی یاسای تایبەت بەو هێزە کرد.
داواکارى سەدر لە زەیدى
موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعەکان، دوای ڕاسپاردنی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت، داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی لێکرد و ئامادەیی دەربڕی هێزەکانی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
سەدر داوایکرد؛ چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بگۆڕدرێن بۆ سەربازی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و ئەوەشی پابەندنەبوو، بە دەرچوو لە یاسا هەژمار بکرێت.
هەڵوێست و وەڵامى مقاوەمە چى بوو؟
گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی هەموو داواکارییەک بۆ چەکدانان ڕەتدەکەنەوە و بە هەڕەشە لەسەر مانەوەیانی دەزانن، هەریەک لە حیزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕایانگەیاند، تاوەکو ئەمریکا لە ناوچەکە بوونی هەبێت، چەک دانانێن.
زەیدى لەنێوان بەرداشى گرووپەکان و فشارەکانى ئەمریکا
زەیدی دوای وەرگرتنی متمانە، پێویستە لەلایەک مامەڵە لەگەڵ فشارەکانی ئەمریکا بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان، لەلایکی دیکەشەوە بەرەنگاری هەوڵی گرووپەکانی مقاوەمە و تارانیش ببێتەوە، ئەگەر ویستی دەستبردنی بۆ دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان هەبێت.
19/05/2026