بەگوێرەی بەدواداچونەکانی کەناڵ8 هاوردەکردنی ئاژەڵ کەمی کردووە
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخستنی فڕۆکەخانەکان لە کاتە جیاوازەکاندا، خواست بۆ هاوردەکردنى ئاژەڵ کەمى کردووە بەراورد بە ساڵى رابردوو.
جەژنى قوربانى ڕابردوو 3202 سەر ڕەشەوڵاخ سەربڕدرا
بەگوێرەى ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگاى سلێمانی ساڵی 2025 خواست و داواکاری کۆمپانیاکان بۆ هاوردەکردنی جوانەگا 41 هەزار و 942 سەر بووە، لە جەژنى قوربانى ساڵى رابردوو لە سەربڕخانەی سلێمانی و دەوروبەری 3202 سەر ڕەشەوڵاخ سەربڕدراوە، بەڵام لە سەرەتاى ئەمساڵ تاوەکو ئێستا خواست لەسەر هاوردەکردنى تەنیا 5 هەزار سەر جوانەگا بووە ئەویش دلنیایی نادرێت کە بتواندرێت سەرجەمیان هاوردەبکرێن بەهۆی داخستنی دوومانگی ئاسمی عێراقەوە.
ئاژەڵى ووردە
سەبارەت بە ئاژەڵی وردەش وەک کاوڕ و بەرخ ساڵی رابردوو مۆڵەت بە هاوردەکردنی 13 هەزار و 192 سەر لەم جۆرە ئاژەڵانە دراوە تەنیا لە مانگی حوزەیرانى ساڵى رابردوو کە جەژنى قوڕبان بوو، بە ئاژەڵی ناوخۆ و هاوردە 22 هەزار و 873 سەر ئاژەڵ سەربڕدراوە لە کوشتارگەکانی سلێمانی و دەوروبەری.
دۆخى ئەمساڵ 2026
بەڵام لە سەرەتاى ئەمساڵدا، خواستى هاوردەکردن بەجۆرێک کەمبووەتەوە کە تەنیا پێنج هەزار و 23 سەرئاژەڵ داواکراوە تاوەکو هاوردەبکرێت.
داخوازیی هاوردەکردن کەمە
جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی بەکەناڵ8ـى راگەیاند، "داخوازی بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵ زۆر کەمە بەهۆی خراپی ئاسایشی ناوچەکە و زیادبونی رەسمی گومرگی وڵاتان بە نموونە ساڵانی رابردوو لە تورکیاوە لەرێگەى ئاسمانی ئاژەڵ هاوردە دەکرا، بەڵام ئەمساڵ خواست لەڕێی ئەو وڵاتەوە سفر بووە بەهۆی زۆری گومرگی وڵاتی تورکیا".
گرفتى بە قاچاخبردن
گوتیشی گرفتێکمان لەبەردەم بەرهەمی ناوخۆ هەیە ئەویش ئەوەیە بە قاچاخ دەبێت بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، چونکە لێرە خواستی بەکاربردن زۆر کەمە.
19/05/2026