بانکی ناوەندى عێراق: دابینکردنی مووچە بە تەواوی مسۆگەر کراوە

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی مووچەوە دڵنیایی دایە مووچەخۆران و رایگەیاند، دابینکردنی مووچە بە تەواوی مسۆگەر کراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.

پلانى دەستکاریکردنى بەهاى دینار

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای دەکات" هیچ پلان و نیازێک لە ئارادا نییە بۆ دەستکاریکردن یان گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکات دڵنیایی تەواوەتیشی داوە لەبارەی دابینکردنی مووچە.

مووچەى مووچەخۆران

سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانیش، پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی دایە هاوڵاتیان و رایگەیاند، دابینکردنی مووچە بە تەواوی مسۆگەر کراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.

ئاڵنگارییە داراییەکانى بەردەم عێراق

قسەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی دوای ئەوە هات کە ڕۆژى دووشەممە، 18ـى ئایار، مەزهەر محەممەد، ڕاوێژکاری پێشووى دارایی و ئابووری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاندبوو "دارایی گشتی ڕووبەرووی فشار و ئاڵنگاریەکی سەختی کەمبوونەوەی نەختینەی بووەتەوە، هۆکارەسەرەکیەکەشی دابەزینی داهاتی فرۆشتنی نەوت بووە بە هۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە".

مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاشیگەیاندبوو "کۆی داهاتی گشتی بۆ 4 تڕیلیۆن دیناری مانگانە دابەزیووە لە کاتێکدا حکومەت بۆ دابینکردنی خەرجی مووچە و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە پێوویستی بە 8 تڕیلیۆن دینار هەیە".