شارەوانی عەربەت پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕادەگەیێنێت
شارەوانی عەربەت پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕادەگەیەنێت کە بە دوو قۆناغ جێبەجێدەکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا 1400 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.
یەکەم قۆناغى دابەشکردن
زمناکۆ ئەنوەر، سەرۆکی شارەوانی عەربەت، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە یەکەم قۆناغی دابەشکردنی زەوی کە 100 پارچە زەوییە بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دەستپێدەکات، دەشڵێت، دابەشکردنی زەوییەکان بەگوێرەی خاڵبەندیی و بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حکومی ناوچەکە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
دابەشکردنى زەوى دوو قۆناغە
راشیگەیاند، بە دوو قۆناغ دەستدەکەن بە دابەشکردن زەوییەکان، ئەگەر سەرجەم ڕێکارە هونەری و یاسایی و ئیدارییەکان لە کاتی گونجاوی خۆیدا تەواو ببێت، ئەوا لە داهاتوودا هەموو پێنجشەممەیەک ژمارەیەک زەوی دابەشدەکەن.
1400 فەرمانبەر سوودمەند دەبن
ڕوونیشیکردەوە، لە قۆناغی یەکەمدا 1400 فەرمانبەر سوودمەند دەبن و زەوی وەردەگرن و بەڵام لە کۆی گشتیدا و بەهەردوو قۆناغەکە چوار هەزار فەرمانبەر زەوییان پێ دەدرێت.
ڕووبەرى زەوییەکان چەندە؟
سەبارەت بە ڕووبەری زەوییەکان سەرۆکی شارەوانی عەربەت ئاماژەی بەوەکرد، هەر پارجە زەوییەک ڕووبەرەکەی 200 مەترە، زەوییەکان دەکەونە خۆرهەڵات و باکووری عەربەت.
19/05/2026