جەى دى ڤانس: ئێران دوو بژاردەی هەیە؛ ڕێککەوتن یان دەستپێکردنەوەی جەنگ

جەى دى ڤانس، جێگرى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
جەى دى ڤانس، جێگرى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا

جەى دى ڤانس، جێگرى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لە کۆشکى سپى "تیۆرى دۆمینەى" وەک پاساوى جەنگ لە دژى ئێران هێنایەوە و گوتیشى "ئێران دوو بژاردەی هەیە ڕێککەوتن یان دەستپێکردنەوەی جەنگ".

"تیۆرى دۆمینە"

ڤانس، لە کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانان، "تیۆری دۆمینەی" سەردەمی جەنگی ساردی زیندووکردەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ جەنگى ئێران و گوتی "شکستهێنان لە وەستاندنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی دیکە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێن".

ئەگەر ئێران بۆمبى ئەتۆمى هەبێت؟

بەگوتەى ڤانس، ئەگەر ئێرانییەکان چەکی ئەتۆمییان دەست بکەوێت ئەوا زۆرێک لە گەلان لە سەرانسەری کەنداو ئەو کاتە چەکی ئەتۆمی خۆیان دەوێت، دواتر زۆرێک لە گەلان لە سەرانسەری جیهاندا هەمان خواستیان دەبێت.

ئەگەر هەموو جیهان ئەتۆمى بوێت؟

ڤانس، بە ڕۆژنامەوانانی گوت "ئەگەر هەموو وڵاتێکی جیهان لە خەباتدا بێت بۆ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئەوە هەموومان کەمتر سەلامەت دەبین.. بەڕاستی ئێرانیش دەبێتە یەکەم پولى دۆمینە".

دانوستاندن بە نیازپاکى و بوونى پلانى B

ڤانس، ئاماژەى بەوەشکرد، ترەمپ داوای لێکردوون بە نیازپاکی دانوستان بکەن، بەڵام پلانى "B"یش ئەویش ئەوەیە دەتوانن هەڵمەتی سەربازی دەستپێبکەنەوە. ڤانس گوتى "ئەو بژاردەیە ئەوە نییە سەرۆک و منیش و تەنانەت ئێرانییەکانیش دەیانەوێت".

جەنگى سارد

لە کاتی جەنگى سارد لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیێت، داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا دەیانگوت ئەگەر وڵاتێک کۆمۆنیستى بێت ئەوە ئەگەرى هەیە ببێتە هۆی ئەوەی گەلانی دراوسێ وەک دۆمینە بکەونە ناو کۆمۆنیستییەوە. ئەمەش بووە هۆی هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی کۆمۆنیزم و لە ئەنجامدا ئەمریکا جەنگى ڤێتنامى کرد و نزیکەی 20 ساڵی خایاند.