ئەنجوومەنی وەزیران: شەش ڕۆژ پشووی فەرمی لە عێراق ڕاگەیەندرا
حکومەتی عێراق خشتەی پشووەکانی جەژنی قوربان و جەژنی غەدیری ئاشکرا کرد، کە بە کۆی گشتی 6 ڕۆژ پشوو لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبێت.
پشووەکانی جەژنی قوربان
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بڕیاریدا، لە ڕۆژی سێشەممە 26ی ئایار تاوەکو ڕۆژی شەممە 30ی ئایاری 2026 بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت پشوو دەبێت. ئەم بڕیارە 5 ڕۆژ پشووی فەرمی بۆ فەرمانبەران و دامەزراوە حکومییەکان لەخۆدەگرێت.
پشووی جەژنی غەدیر
جگە لە پشووەکانی جەژن، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە ڕۆژی 4ی حوزەیران بەهۆی جەژنی غەدیرەوە پشووی فەرمی بێت. ئەمەش یەکەمجارە ئەم ڕۆژە وەک پشوویەکی فەرمی لە سەرجەم دامەزراوەکانی عێراق جێگیر دەکرێت.
پشووەکان لە هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ڕۆژمێری فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشووی جەژنی قوربان لە ڕۆژی 27ی ئایار تاوەکو 30ی ئایار دەبێت. بەمەش پشووەکانی هەرێم 4 ڕۆژ دەخایەنێت، کە جیاوازە لەو 5 ڕۆژەی حکومەتی فیدراڵ بۆ هەمان بۆنە دیاری کردووە.
20/05/2026