یاسای نەوت و گاز؛ ئەنجوومەنی فیدراڵی چییە و چۆن پێکدێت و دەسەڵاتەکانی هەرێم تێیدا چین؟

کێڵگەیەکی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان

ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007، کە 19 ساڵ بەسەر ئامادەکردنیدا تێپەڕیوە، بنەماکانی پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی وزە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان ناوەند و هەرێمەکان دەخاتە ڕوو.

داڕشتنی سیاسەتی نەوت و پلانی پەرەپێدان

ئەنجوومەنی فیدراڵی نەوت و گاز بەرپرسە لە پەسەندکردنی سیاسەتی گشتیی نەوت و ئەو پلانانەی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمە بەرهەمهێنەرەکان ئامادە دەکرێن. ئەم ئەنجوومەنە ڕێنمایی تایبەت بۆ گرێبەستەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان دادەنێت و سەرپەرشتی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و هێڵە سەرەکییەکانی گواستنەوە لە ناو خاکی عێراقدا دەکات، هەروەها مافی پەسەندکردنی هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەو پلانانەدا هەیە.

پێداچوونەوە و پەسەندکردنی گرێبەستەکان

یەکێک لە دەسەڵاتە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنەکە، پێداچوونەوەیە بەو گرێبەستانەی مۆڵەتیان پێ دراوە بۆ پڕۆسەکانی کەرتی نەوت. ئەنجوومەنەکە نموونەی گرێبەستەکانی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان پەسەند دەکات و مۆدێلی گونجاو بۆ سروشتی کێڵگەکان هەڵدەبژێرێت. هەروەها ڕێنمایی تایبەت بە دانوستانەکان و پێوەری گونجاویی کۆمپانیاکان دیاری دەکات، بەو مەرجەی هەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکاندا زیان بە پشکی نیشتمانی لە پڕۆژەکاندا نەگەیەنێت.

گرەنتی سوودوەرگرتن و ڕاوێژی پسپۆڕان

ئەنجوومەنەکە ئەرکیەتی گرەنتی دۆزینەوە و پەرەپێدانی سەرچاوە نەوتییەکان بکات بە باشترین شێوە بۆ بەرژەوەندی گشتی و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. بۆ ئاسانکردنی کارەکانی، ڕێگەی پێ دراوە پەنا بۆ نووسینگەی ڕاوێژکارانی سەربەخۆ و شارەزایانی ناوخۆیی و بیانی ببات. هەروەها دەتوانێت بەشی نوێ و پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنی کارەکانی دابنێت و ئەندامەکانیشی مافی پێشنیازکردنی پڕۆژە یاسا و سیاسەتی نەوتییان هەیە.

دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا

بەگوێرەی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، هەرێمی کوردستان چەند دەسەڵاتێکی هەیە کە گرنگترینیان پێشنیازکردنی پلانی وەبەرهێنانی وزەیە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی. هەرێم مافی مۆڵەتدانی هەیە بە گەشەپێدانی کێڵگە نوێیەکانی وزە و پێویستە نوێنەری لەناو ئەنجوومەنی فیدراڵیدا هەبێت. هەروەها ئەرکی هەرێمە کە هاوکار و هەماهەنگی دەسەڵاتی فیدراڵی بێت لە جێبەجێکردنی پلانە گشتییەکانی کەرتی وزەدا.