19 ساڵ و 4 ڕەشنووس؛ بۆچی یاسای نەوت و گاز بووەتە گرێکوێرەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد؟
یاسای نەوت و گازی عێراق دوای 19 ساڵ لە چاوەڕوانی، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە و کابینەکەی عەلی زەیدی هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بەم تەنگژە یاساییە دەدات.
چاوەڕوانییەکی 19 ساڵە بۆ یاسای نەوت و گاز
زیاتر لە 19 ساڵە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانیوە یاسای نەوت و گاز پەسەند بکات. لەم ماوەیەدا نە عێراق بە مەرجەکانی هەرێمى کوردستان ڕازیی بووە، نە هەولێریش ملکەچی تەواوی داواکارییەکانی بەغداد بووە. لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو ئێستا، 4 جار ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە نەخراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمان و هێشتا چاوەڕێی ڕێککەوتنی سیاسی دەکرێت.
بنەماکانی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغداد
ناکۆکی سەرەکی لەسەر ئەم یاسایە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا لە دەوری دەسەڵاتی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەسوڕێتەوە. خاڵێکی دیکەی سەرەکی ناکۆکییەکان پەیوەندی بە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی کێڵگە هاوبەشەکانەوە هەیە کە تاوەکو ئێستا هەردوولا لەسەری ڕێکنەکەوتوون.
پرسی نەوت لە دەستووری عێراقدا
دەستووری عێراق لە دوو ماددەدا باسی پرسی نەوت و گاز دەکات. لە ماددەی 111ـدا هاتووە کە نەوت و گاز موڵکی تەواوی گەلی عێراقە لە تەواوی هەرێم و پارێزگاکان. هەروەها لە ماددەی 112ـدا ئاماژە بەوە کراوە کە حکومەتی فیدراڵ سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەکات، بەڵام دەبێت ئەمە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بێت. بەپێی دەستوور، دەبێت سیاسەتی پەرەپێدانی سامانی نەوت بە هەماهەنگی هەردوولا دابڕێژرێت.
لە فرۆشتنی سەربەخۆوە بۆ بڕیارەکەی پاریس
هەرچەندە ماددەی 112 باس لە بەشداری هەردوولا لە بەڕێوەبردنی کێڵگە بەرهەمهێنەکانی پێش 15ـی ئابی 2005 دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2012ـەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد دەستی بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت کرد. ئەم دۆخە تاوەکو 25ـی ئازاری 2023 بەردەوام بوو، کاتێک بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیرا. پاشان لە 4ـی نیسانی هەمان ساڵ ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ کرا و لە 27ـی ئەیلوولی 2025 هەناردەی نەوت دەستیپێکردەوە، بەڵام یاسای نەوت و گاز هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
کابینەی نوێ و ئاڵنگاریی یاساکە
لە ئێستادا چاوەکان لەسەر کابینەکەی عەلی زەیدی و خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانە بۆ ئەوەی ئەم ڕەشنووسە کۆنە بکەن بە یاسا. پەسەندکردنی ئەم یاسایە داواکاریی زۆربەی ئەو لایەنە سیاسییانەیە کە بەشدارن لە کابینەکەی زەیدی، چونکە بەبێ ئەم یاسایە کێشە دارایی و یاساییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.
20/05/2026