تەنها یەک کاتژمێر مابوو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؛ ترەمپ مۆڵەتی کۆتایی ڕاگەیاند

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە نێوان دۆڕان و بردنەوەى جەنگى ئێران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە نێوان دۆڕان و بردنەوەى جەنگى ئێران

ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و دۆناڵد ترەمپ چاوەڕێی دواین هەوڵی دیپلۆماسی دەکات پێش وەشاندنی گورزە سەربازییەکە.

دوا مۆڵەتی ترەمپ بۆ ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوا مۆڵەتی داوەتە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "Axios"، ترەمپ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بژاردە سەربازییەکان کردووە. دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ تەنها 2 بۆ 3 ڕۆژ، یان تا کۆتایی هەفتە مۆڵەتی داوەتە تاران تاوەکو ڕێککەوتن ئەنجام بدەن.

کۆتاییهاتنی ئامادەکارییە سەربازییەکان

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیی ئەمریکییەوە ڕایگەیاندووە، پێدەچێت ترەمپ بەمزووانە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنی شەڕ دژ بە ئێران بدات. ئامادەکارییە هاوبەشەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ بۆ ئەم مەبەستە بە تەواوی کۆتاییان هاتووە. ڕۆژی سێشەممە دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل و کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکیان بۆ تاوتێکردنی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران ئەنجامداوە و ئاستی ئامادەکارییەکان گەیشتووەتە لوتکە.

جوڵەی نائاسایی هێزەکانی ئەمریکا

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جوڵەیەکی نائاسایی فڕۆکە گوێزەرەوەکانی ئەمریکا بەرەو ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیکراوە. پێشبینی دەکرێت ئەم فڕۆکانە ئەرکی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی زیاتریان بۆ ناوچەکە پێسپێردرابێت وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی لە ناوچەکەدا.

دواخستنی کاتی هێرشەکە

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، دوای ئەنجامدانی چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەکە لە ئیمارات، سعوودیە و قەتەر، بڕیاریداوە ئەو هێرشە دوابخات کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە بکرێتە سەر ئێران. ترەمپ ئاشکرای کرد کە تەنها 1 کاتژمێر مابوو فەرمانی هێرشەکە دەربکات، بەڵام بڕیاریداوە بۆ ماوەی 2 یان 3 ڕۆژ دوای بخات و ئیسرائیلیشی لەم بڕیارە ئاگادار کردووەتەوە. جەختیشی کردەوە کە تەنها چەند ڕۆژێکی کەم بۆ دانوستانەکان تەرخان دەکات پێش ئەوەی بژاردە سەربازییەکە جێبەجێ بکات.