میزکردنی شەوانە هۆکارەکەی تەنها هەڵکشانی تەمەن نییە!
سەروەر سالار 20/05/2026
د.محەممەد عەبدولکازم، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، باوترین هۆکار و کاریگەرییە نەخوازراوەکانی شەو لەخەوهەستان بۆ میزکردن بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.
هۆکارەکانی شەو لە خەوهەستان چین؟
پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت '' لەخەوهەستان بۆ میزکردن لە شەواندا دەکرێت چەندین هۆکاری هەبێت، نەک تەنیا بوونی کێشەکانی ڕژێنی پرۆستات'' ، لەوانە:
- خواردنەوەی شلەمەنی لە درەنگانی شەودا
- خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی بڕێکی زۆر لە پێکهاتەی کافاینیان تێدایە
- خواردنەوە کحولییەکان
- بینینی خەوی ناخۆش
- بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان
- هەندێک کەس میزەڵدانیان زۆر چالاکە، هەندێکی تر میزەڵدانیان بە تەواوی بەتاڵ
نابێتەوە لە کاتی میزکردندا - هەندێک کەس کێشەی وەستانی هەناسەیان هەیە لە کاتی خەودا
هۆکاری شەو لەخەوهەستان چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
پزیشکەکە دەڵێت ''یەکەم هەنگاو بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری شەو لە خەو هەستانەکە چاودێریکردنی شێوازی ژیانی کەسەکە و لەخەو هەڵستانیەتی لەشەودا''، بۆ نموونە:
- کەسەکە چەند جار لە شەوێکدا هەڵدەستێت
- کەسەکە بڕی چەند شلەمەنی دەخواتەوە لە درەنگانی شەودا
- ئایا هەستی میزەچوڕکێی کەسەکە توندە یان سووک
لێکەوتە نەخوازراوەکانی شەو لەخەوهەستان چین؟
د. محەممەد عەبدولکازم دەڵێت ''ئەگەر میزکردنی شەوانە زۆر و بەردەوام بوو، چەندین کاریگەری لەسەر کەسەکە دروست دەکات''، لەوانە:
- تێکچوونی هاوسەنگیی فشاری خوێنی کەسەکە
- تێکچوونی مەزاجی کەسەکە
- تێکچوونی بڕی وزەی کەسەکە
سەروەر سالار
20/05/2026