هۆکارەکانی ئازاری پشت لە ماوەی دووگیانیدا
سەروەر سالار 20/05/2026
زۆربەی ئەو خانمانەی تووشی ئازاری پشت دەبن لەماوەی دووگیانیدا بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوەیە کە بەسەر جەستەی خانمەکەدا دێت بەهۆی گۆڕانکاریی ئاستی هۆرمۆنەکانی جەستەی خانمەکە، د. ساکار حسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و مناڵبوون، هۆکار و ڕێنوینییەکانی بوونی ئازاری پشت لە خانماندا ڕوون دەکاتەوە.
هۆکارەکانی ئازاری پشت لە ماوەی دووگیانیدا چین؟
پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت ''بوونی ئازاری پشت لە ماوەی دووگیانیدا چەندین هۆکاری هەیە''، لەوانە:
- بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی پرۆجیسترۆن(هۆڕمۆنێکی مێینەیە لە کاتی دووگیانیدا بەرز دەبێتەوە)، کاریگەری دروست دەکات لەسەر جومگەکانی ناوچەی حەوز و بڕبڕەی پشت، ئەمەش وا دەکات بەستەرەکان تاوەکو ڕاددەیەک نەرم ببن بۆ ئاسانکاریی پرۆسەی مناڵبوون
- بەپێوە وەستانی خانمەکە بۆ ماوەیەکی زۆر
- قەڵەوی و زیادبوونی کێش لەماوەی دووگیانی
- ئەو خانمانەی بەر لە دووگیانبوون کێشەی پشتئێشەیان هەبووبێت ئەگەری ئەوەیان زیاترە لەماوەی دووگیانی زیاتر تووشی ئازاری پشت ببن
چەند ڕێنوێنییەک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری پشتی خانمان لە ماوەی دووگیانیدا
پزیشکەکە ڕێنوێنیی خانمانی دووگیان دەکات ئەم ڕێنماییانە لە کاتی بوونی ئازاری پشت لە ماوەی دووگیانیدا پەیڕەو بکەن، لەوانە:
- وەرزشکرن لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ و کەسی شارەزا لەبواری چارەسەری سروشتی
- باشتر وایە ئەو جۆرە پێڵاوانە لەپێ بکرێت کە نەرمن و نزمن
- پاڵکەوتن و خەوتن لەسەر پشت ئازاری پشت زیاتر دەکات، باشتر وایە لەسەر لای ڕاست یان چەپ خانمەکە پاڵبکەوێت و بخەوێت
- پشوودانی پێویست
- لە حاڵەتی پێویست خانمەکە دەتوانێت ڕاوێژ بە پزیشکەکەی بکات سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمان
سەروەر سالار
20/05/2026