عەلی زەیدی: فەرمانمان کردووە بە جۆراوجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەزارەتی نەوت کۆمەڵێک ڕێکاری نوێی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی هەناردەکردن و زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەت تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران لە وەزارەتی نەوت
ئەمڕۆ 20ی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی وەزارەتی نەوتی کرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەیی وەزیری نەوت و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی وزە.
چارەسەرکردنی قەیرانی هەناردەکردن
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی داخستنی دوورگەی هوورمز و وەستانی هەناردەی نەوت کرا. هەروەها دۆسیەی پرۆژەکانی گازی هاوەڵ و ئەو ئاڵنگارییە تەکنیکی و سیاسییانەی دێنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە بە وردی خراونەتە ڕوو.
جۆراوجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردە
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسیەی زیادکردنی داهاتی نەوتی. یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکان، پرسی جۆراوجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن و بەدواداچوون بوو بۆ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کە پێشتر لەو بارەیەوە دەرکراون بۆ دەستەبەرکردنی ڕێگەی بەدیل.
هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی وشکانییەوە
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لەو ڕێککەوتنانە کرا کە لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە واژۆکراون. عەلی زەیدی و بەرپرسانی وەزارەت بەدواداچوونیان بۆ ڕێکارەکانی وەزارەتی دەرەوە کرد دەربارەی چاودێریکردنی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی وشکانییەوە، وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر ڕێگەی دەریایی.
20/05/2026